سەردێر

“هەرێم ڕازی بووە بەجێبەجێكردنی داواكارییەكانی بەغدا”

خەڵك-

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، كێشەی كورد تەنها لەچوارچێوەی بودجە و مووچە خۆی نابینێتەوە.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و پەڕلەمانتاری ئەو حزبە لە عێراق بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، كێشەی نەتەوەی دووەم لە عێراق كێشەی دانپێدانانی مافەكانی كوردە لەدەستور و جێبەجێكردنیەتی، مافی مەسەلەی ماددەی 140، ئەم مافانەی كە لەدەستور وەریگرتووە وەكو یاسای نەوت و گاز وەكو هێزی پێشمەرگە كەبەشێكە لە سیستەمی بەرگری عێراق تائێستا بێبەشكراوە لەمووچە و پڕچەك كردن.

سەبارەت بەڕێككەوتن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە و ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد هەرێم كەمال ئاغا ڕایگەیاند، گفتوگۆكان بەردەوامن و گفتوگۆی باش كراوە، داتا و لێكگەیشتنی باش هاتووەتەپێش، ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجە هاتووە ڕێككەوتنی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمە، ئەوەی دەمێنێتەوە لەناو پەڕلەمان ئایا ئەمە دەرباز دەبێت؟ تائێستا گفتوگۆی بەردەوام كراوە وامەزەندە دەكرێت ڕۆژی پێنج شەممە، بەڵام وادەبینم لەوانەیە بخرێتە هەفتەی داهاتوو.

وتیشی”هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان لەسەر ئەو دەقەی كەلەپرۆژەیاسای بودجە هاتووە ڕازیین، بەشێكی زۆریش لەلایەنە شیعیەكانیش بەوە ڕازیین لەوانەیە هەندێك هەمواری بچوكی تێدابكرێت، بەڵام وەك ئاماژەم پێدا هەم ئەركی تێدایە و هەم مافی تێدایە، ئەوەی ئەركە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕازییە بەوەی كە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بكرێت لەگەڵ ئەم داهاتە نانەوتیانەی بەداهاتی فیدڕاڵی ناودەبرێن لە دەروازە و فڕۆكەخانە و ئەو شوێنانەی تر ئەمانە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕازی بووە لەپرۆژە یاساكەش هاتووە، هەروەها حكومەتی فیدڕاڵیش ڕازی بووە وەزیری نەوت و داراییش لەو پڕۆسەیەدا دەوریان هەبووە دەمێنێتەوە هەندێك لایەنی سیاسی كە لەڕابردوو بەشێوازێك لەشێوازەكان لەوانەیە كاریگەرییان لەسەر بێت.

ئاشكراشیكرد، هەرێم ڕازی بووە بەجێبەجێكردنی داواكارییەكانی بەغدا، بەپێی ئەوەی كە لەدەقەكەدا هاتووە حكومەتی هەرێم بەشێك بووە لەو پڕۆژەیەی تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانیان لەڕابردوو ڕێككەوتوون لەسەر ئەم دەقەی كە لەماددەی 10 و 11 لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە.