خەڵك
بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی تشرین لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، توركیا بەردانەوەی ئاوی فوراتی بۆ كەمتر لە نیوە دابەزاندووە و بەهۆیەوە ئاستی ئاوی بەنداوەكە چوار مەتر داكشاوە و بەوەش مەترسی لەسەر ژیانی چەند ملیۆن كەس لە دانیشتووانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا دروست بووە.
ئاژانسی هاوار نیوز لە زاری بەڕێوەبەرانی بەنداوی تشرین بڵاویكردو,ەتەوە، كە ڕۆژانە بڕی ئاوی ڕووباری فورات 10 سانتیمەتر دادەبەزێت و تائێستا چوار مەتر ئاوی بەنداوی تشرین دابەزیوە و ڕێژەی ئاوی ڕووباری فورات، لە 500 مەتری سێجا لە خولەكێكدا دابەزیوە بۆ 200 مەترسێجا لە خولەكێكدا.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەكردووە، گرتنەوە و كەمكردنەوەی بەردانەوەی ئاوی فورات لەلایەن توركیاوە شەڕی ئاوە دژ بە گەلانی باكووری سوریا و ڕونیكردووەتەوە، كە شارەكانی كۆبانێ، ڕەقە، دێرەزوور، تەبقا، سڕین، كەرامە و حەسەكە ئاوی خواردنەوەیان لە ڕووباری فوراتەوە دابین دەكرێت و گرتنەوەی ئاوی ئەم ڕووبارە لەلایەن توركیاوە ژیانی نزیك بە پێنج ملیۆن كەس لە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریای ڕووبەڕووی كارەساتێكی مرۆیی كردووەتەوە و هاوكات بووەتە مەترسییەكی گەورەش لەسەر كشتوكاڵ و ژینگەی ناوچەكە.