سەردێر

تەرزە و لێزمە باران ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی دەریای ناوەڕاست، كە كاریگەری كردۆتە سەر ناوچەكانی هەرێم تاوەكو رلاِۆژی هەینی بەردەوام دەبێت و لە چەند شوێنێك تەرزە و لێزمە باران دەبارێ و هەندێك جار هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت.

محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لەکاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ شەوی چوار شەممە باران بەشێوەی پچڕ پچڕ لە چەند ناوچەیەكی هەرێم دەبارێت و شەپۆلی بارانبارین تاشەوی هەینی کاریگەری دەبێت و دواتر کۆتایی پێدێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، پلەکانی گەرما بەڕێژەی 3 بۆ 6 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە و خێرایی با لە هەندێك ناوچە جاروبار چالاک دەبێت بەڕێژەی 20 بۆ 30 کێلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا بەتایبەتیش شەوی پێنج شەممە.

لای خۆشیەوە، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) وتی، “لە ئەنجامی زیاتربوونی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی ناوەراست لە سەر ناوچەکانمان لەکاتە جیاوازەکانی سبەینێ لەسەرجەم ناوچەکانی ھەرێم ئەگەری چالاکبوونی ھەورەتریشقە و لێزمە باران ھەیە لەگەڵ بارینی تەرزە لەھەندێک ناوچەدا”.

دەشڵێت: “حاڵەتەکە بەھارییە و زیاتر کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە چڕبوونەوە و ھەورەتریشقە ڕووئەدات و ڕێژەی دابارینیش بەھەمان شێوە دیاری نەکراوە لەناوچە ھەیە باران زۆر ئەبارێت و ناوچەش هەیە نمە باران، بۆیە بەگشتی ڕێژە نادیارە لەم حاڵەتانەدا”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەکاتی داباریندا نزمبوونەوەی پلەی گەرمی ڕووئەدات و خێرایی با لە پێش باران بارین چالاک دەبێت.