سەردێر

نرخی دینار بەرانبەر دۆلار گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟

خەڵك-
ناو بەناو هەواڵ و زانیاری لەسەر گۆڕانكاری لە بەهای نرخی دینار بەرانبەر دۆلار بڵاو دەبێتەوە، بەشێكی ئەم زانیاری و هەواڵانەش بەهۆی لێدوانی بەشێك لە ئەندامانی پەڕلەمانی عیراقەوەیە، پەڕلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت: “لە مەودای نزیكی چەند ساڵێكدا ئەو گۆڕانكارییە ڕوو نادات”.

لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوودا نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقییەوە بە ڕاوێژ لەگەڵ حكومەت و پەڕلەمان لە ١٢٠٠ دینار بۆ هەر دۆلارێك دابەزێنرا بۆ ١٤٥٠ دینار.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی كۆمەڵ بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیاری بانكی ناوەندی بۆ گۆڕینی بەهای دینار ستراتیجیە و تاكتیكی نییە، هەروەها بەتەنها وابەستە نییە بە بەرزی و نزمی نرخی نەوتەوە، بەڵكو وابەستەیە بە كۆمەڵێك لایەنی تری ئابوورییەوە.

ڕاشیگەیاند، بە تێگەیشتنی من لە مەودای نزیكی چەند ساڵێكدا ئەو گۆڕانكارییە ڕوو نادات و بانكی ناوەندی نرخ وەك خۆی دەهێڵێتەوە، چونكە هەر جۆرە گۆڕانكارییەك لە بەرزی و نزمی بەهای دینار لە ماوەیەكی كەمدا، بێمتمانەییەكی گەورە بۆ دراوی عێراقی دروست دەكات و ناجێگیری دۆخی دارایی بەدوادا دێت و دواجار بە زیانی گەورە بۆ سەر دۆخی دارایی و ئابووری عێراق دەشكێتەوە، بانكی ناوەندیش هەڵەی لەمجۆرە ناكات.

وتیشی، “ئەو جۆرە هەواڵ و زانیارییانە تەنها لێدوانی سیاسی پەڕلەمانتارانی بەغدان و وەك موزایەدەی سیاسی دەخوێنرێنەوە، چونكە لە بنەمادا نە لە دەسەڵات نە لەپسپۆڕی پەڕلەمانی عێراق نییە دەستكاری بەهای دینار بكات”.

گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەیەك بوو، كە حكومەتی عێراقی بەناوی (وەرەقەی سپی) لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو ئاراستەی پەڕلەمانی كرد، كە تیایدا كۆمەڵێك ڕێوشوێن بۆ چاكسازی و بە هاناوەچوونی دۆخی خراپی دارایی و ئابوری عێراق و چەند سێكتەرێك وەك پلان و بەرنامەی حكومەت خرابوونە ڕوو، كە یەكێكیان پیاچوونەوەبوو بە بەهای دینار بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی، كە دواجار بانكی ناوەندی بڕیارەكەی دا و بەهای دراوی عێراقی دابەزاند.