سەردێر

بۆ یەكەمجار لە هەرێم ستیكەر و باركۆد خرایە سەر گۆشتی مریشكی خۆماڵی

خەڵك- ئارام سەردار
لە پێناو پاراستنی بەرهەمی مریشكی خۆماڵی وەكو پاڵپشتی خاوەن پڕۆژەكان و بەبازاڕكردنی لەهەرێمی كوردستان و لەچوارچێوەی هەڵمەتی نیشتیمانی بەدروشمی (بەرەو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی) بەسەرپەرشتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، مەڕاسیمی ناساندن و دابینكردنی ستیكەر و باڕكۆد لەسەر بەرهەمی یەكێك لە سەربڕخانەكانی پەلەوەر بەڕێوەچوو، وەزیری كشتوكاڵ ڕایدەگەیەنێت، ناهێڵێن بەرهەمی هاوردەی نایاسایی جێگە بە بەرهەمی خۆماڵی لەق بكات.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵی هەرێم لەمەڕاسیمەكەدا ڕایگەیاند، هەڵمەتی نیشتیمانیمان بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی دەست پێكردوە، لە پێناو پاراستنی بەرهەمی مریشكی خۆماڵی وەكو پاڵپشتی خاوەن پرۆژەكان و بەبازاڕكردنی لەهەرێمی كوردستان.

وەك وەڵامێكیش بۆ وەزیری كشتوكاڵی عیراق، كە بەرهەمی قاچاغی بەسەرچوو لەگەڵ مریشكی بەستوو لەهەرێمەوە هاوردەی پارێزگاكانی عیراق دەكرێت دەڵێت: “هەڵمەتێكی ناڕەوا لە دژمان هەیە”، جەختی كردەوە، پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستان بەرهەمەكانیان بەكوالێتی بەرز دەخەنە بازاڕەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەگەڵ بەغداد، بۆ ئەوەی بەرهەمەكانی هەرێم بروات بۆ ناوەڕاست و باشوری عێراق، بەمەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی و دڵنیابوونی هاووڵاتیانیش، كە هەر لە ڕێگەی مۆبایلە زیرەكەكەیەوە دەتوانێت بزانیت بەرهەمەكە چیە، بۆیەكەمجار ستیكەر و باركۆدی تایبەتی خۆمان دەخەینە سەر بەرهەمەكانمان.