خەڵك-
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو هێرشەی كرایە سەر هەولێر “تیرۆریستی” بوو، ئامانج لێی تێكدانی ئاسایشی هەرێم بوو، ئاماژەی بە لەناونەچوونی ڕێكخراوی داعش كرد كە “هێشتا هەڕەشەكانی لەسەر كوردستان و عیراق و تەواوی جیهان ماوە”.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ (فرانس 24) ڕایگەیاند:”هەرێمی كوردستان هیچ لایەنێك تۆمەتبار ناكات بەو هێرشەی كرایە سەر هەولێر لە كۆتایا مانگی ڕابردوو، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانش بەمنزیكانە ڕادەگەیەنرێت و تاوانباران دەدرێنە دادگا”.
لەلایەكی ترەوە، بارزانی وتی:”داعش وێڕای تێكشكاندنی، تائێستاش هەڕەشەیە بۆسەر كوردستان و عیراق و تەواوی جیهان، ڕێكخراوە توانی كەسانی نوێ بخاتە نێو ڕیزەكانی و لە هێرشەكانیدا هێزە ئەمنییەكان و مەدەنییەكان لە چەند ناوچەیەكی عیراقدا بكاتە ئامانج”.
لەبارەی ململانێی نێوان توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستانیش، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند:”ئەنقەرە بۆ چەند ساڵێكە كێشەكانی لەگەڵ پارتی كرێكاران هەناردەی عیراق كردووە، بەردەوامبوونی شەڕ لەنێوان هەردوولادا نابێتە مایەی چارەسەر”.