سەردێر

بەوێنە و ڤیدیۆ؛ ڤاكسینی كۆرۆنا گەیشتە هەرێم

هەولێر- ئارام سەردار
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بڕی 5 هەزار ژەم ڤاكسینی كۆرۆنای جۆری (سینۆفارم)ی چینی گەیشتە هەرێمی كوردستان.

بەئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم و كۆنسڵی گشتی چین لە ٢٠٪ ئەو ڤاكیسنەی چین كردیە دیاری بۆ عیراق گەیشتە هەرێمی كوردستان و لە بازگەی شێراوە لە هەولێر ڕادەستی وەزارەتی تەندروستی هەرێم كرا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) ئەو بڕەی بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراوە 5 هەزار ژەم ڤاكسینە و لەو بڕە (هەزار) ژەمی بۆ هاووڵاتیان و كارمەندانی چینییە لە هەرێم و 4 هەزاریشی بەسەر شارەكانی هەرێم دابەش دەكرێت.

كونسوڵی چین لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە پێدانی ئەو ڤاكسینە لە چوارچێوەی هاووكارییەكانی وڵاتی چینە بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان.

لای خۆشیەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی، “بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان ڤاكسینەكە بەسەر هەموو پارێزگاكاندا دابەش دەكەین”.

ئاشكراشی كرد، ڤاكسینەكە لە جۆری سینۆفارم-ی چینە و و ڕاهێنان بە كارمەندان كراوە لەسەر بەكارهێنانی و سەرەتا دەدرێت بە پزیشك و كادرانی تەندروستی.

شەوی رابردوو 50 هەزار ڤاکسینی کۆرۆنای سینۆفارم لە چینەوە گەیشتە عێراق و لای خۆشیەوە، هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو ڤاكسینەی دوێنێ‌ هاتووە هێشتا بڕەكەی بۆ پارێزگاكان دانەنراوە، بەڵام پێشبینی دەكەین لە سەروو هەزار دانەوە بێت بۆ پارێزگای سلێمانی، بەڵام كە دەڵێین هەزار واتە 500 كەس ڤاكسینەكە وەردەگرێت و دیار نییە كەی دەگاتە پارێزگاكە.

سەبارەت بە شێوازی دابەشكردنی ڤاكسینەكە هێرش سەید سەلیم وتی، “یەكەم كەس بۆ ئەو كارمەندە تەندروستیانە دەبێت، كە لە كۆرۆنا كار دەكەن دواتر بەپێی تەمەن دابەش دەكرێت و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دواتر كەسانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان و بەندیخانەكان و ئەو كەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە”.

No description available.

No description available.