سەردێر

ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە هەرێمی كوردستان

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری (سینۆفارم)ی چینی دەگاتە هەرێمی كوردستان و دەست بە كوتانی هاووڵاتیان دەكرێت.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، لە كاتژمێر 4:30ی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بەشە ڤاكسینەی، كە لەلایەن كۆماری چینەوە بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە لە وەزارەتی تەندروستی عیراق وەردەگیرێت.

ئاشكراشی كرد، كەمێكی دیكە لە دەروازەی هەولێر لە نزیگ بازگەی شێراوە لەلایەن وەزیری تەندروستی ڤاكسینەكە وەردەگیرێت و پێشوازی لێدەكرێت.

دوێنێ‌ هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، ڤاكسین دەگاتە هەرێمی كوردستان، كە بڕی 110 هەزار ژەمە.

هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو ڤاكسینەی دوێنێ‌ هاتووە بۆ هەرێمی كوردستان لە وڵاتی چینەوە دێت و هێشتا بڕەكەی بۆ پارێزگاكان دانەنراوە، بەڵام پێشبینی دەكەین لە سەروو هەزار دانەوە بێت بۆ پارێزگای سلێمانی، بەڵام كە دەڵێین هەزار واتە 500 كەس ڤاكسینەكە وەردەگرێت و دیار نییە كەی دەگاتە پارێزگاكە.

سەبارەت بە شێوازی دابەشكردنی ڤاكسینەكە وتی، “یەكەم كەس بۆ ئەو كارمەندە تەندروستیانە دەبێت كە لە كۆرۆنا كار دەكەن دواتر بەپێی تەمەن دابەش دەكرێت و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دواتر كەسانی تۆڕی كۆمەڵایەتی و كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان و بەندیخانەكان و ئەو كەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە”.