سەردێر

ئاسایشی سلێمانی سێ باندی دەستگیرکرد

سلێمانی ـ نزار جەزا

ئاسایشی سلێمانی لەماوەی 48 کاتژمێردا توانی سێ باندی بازرگانیکردن بەماددەی هۆشبەر دەستگیربکات.

پشتیوانی بەهادین بەڕێوەبەری بەشی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهاوکاری هەموو بەشەکانی ئاسایشی سلێمانی توانرا لەماوەی 48 کاتژمێردا سێ باند دەستگیربکەن، کە 23 کەسن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو باندانە چەندین جۆری ماددەی هۆشبەریان پێبوە و ئامێری جۆراوجۆریان بۆ کێشانی ماددە هۆشبەرەکان بەکارهێناوە.

باسی لەئەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکرد، کە ویستوویانە جگەرەی قاچاخ لەڕێگەی کوردستانەوە ببەنە دەرەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، کەسیان بەگومان نەبوون، بەڵکو لەکاتی تاوانەکەدا دەستگیرکراون.

ئەوەشی باسکرد، هەندێک ماددەی سەرەتایی شلیان پێگرتوون، کە ماددەی خامن بۆ دروستکردنی ماددەی هۆشبەر.

ڕوونیشیکردەوە، ئەم ماددە شلەیان ناردووە بۆ پشکنینی تاقیگەیی.

ئەمە لەکاتێکدایە لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا 123 کەس لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراون، کە بازرگانی بەماددەی هۆشبەر دەکەن یان بەکارهێنەرن.