سەردێر

بە داهاتی گومرك مووچە دابین ناكرێت

خەڵك –
بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم داهاتی مانگانەی گومرگ ئاشكرا دەكات و دەڵێت لەباشترین حاڵەتدا نەگەیشتووەتە 150 ملیار دینار مانگانە و نەئێستا و نە داهاتوو ناتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم داهاتی مانگانەی گومرگی خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانی ئاشكراكرد ” لەباشترین حاڵەتدا نەگەیشتووەتە 150 ملیار دینار مانگانە وەكو دەروازە سنورییەكان من بەرپرسیارم لە گومرك بەڕاشكاوی ناتوانم لە داهاتەكانی تر قسە بكەم.”

ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، هەموو ئەو داهاتانەی كە لەهەموو دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە پەیدادەبێت هەمووی دەگەڕێتەوە خەزێنەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری.

دەشڵێت، داهاتی دەروازە سنورییەكان لەدەستی وەزارەتی دارایی و ئابوریدان لەخوار ئەوانیشەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرك سەرپەرشتی سەرجەم گومرگەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

سەبارەت بەشێوازی كۆكردنەوەی ئەو داهاتانە بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت” بێگومان وەزارەتی دارایی و ئابوری هەمووی ژمارە حساب هەیە داهاتەكان ئێستا لەهەموو دەروازە سنورییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گومرك وەرناگیرێت بەڵكو بانكەكان وەریدەگرن بانكەكانیش بەستراونەتەوە بەبانكی شار و شارۆچكەكانەوە لەوانیشەوە بۆ خەزێنەكان دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی و ئابوری.”

وتوشیەتی، بەپێی ئەو ئامارانەی كە ئێستا لای منە ناتوانرێت بە داهاتی گومرك مووچە دابین بكرێت، لەبەرئەوەی مووچەی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 800- 900 ملیار دینار تائێستا دەروازە سنورییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەباشترین حاڵەتدا 200-250 ملیاری نەبووە ئەی باشە لەكوێوە دەتوانێت مووچەی 850 هەزار فەرمانبەر پەیدا بكات؟!