سەردێر

بۆمبێكی 340 كیلۆیی پوچەڵكرایەوە

بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە ئیدارەی گەرمیان بۆمبێكی (340) كیلۆگرامی لە ناوچەی شەمێرانی شارۆچكەی دەربەندیخان پوچەڵكردەوە.

ئاكۆ محەمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە ئیدارەی گەرمیان بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند،”ناوچەی شەمێران ناوچەیەكی زۆر بەچڕی پیسبووە بە مین و تەقەمەنی لە ساڵەكانی 1980 لە جەنگی (عیراق – ئێران)دا جەنگێكی سەختی تێدابووە، بەهۆیەوە بەردەوام جۆرەكانی تەقەمەنی و مینی تێدا دەدۆزرێتەوە بەڵام ئەمەی ئەمڕۆ بۆمبی فڕۆكەیە بە فڕۆكە هەڵدراوەتە ئەو ناوچەیە و كێشی زیاترە لە 340 كیلۆگرام”.

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە ئیدارەی گەرمیان وتیشی،”بۆمبەكە لە نێو گوندی كۆكۆی ناوچەی شەمێران لە سنووری شارۆچكەی دەربەندیخان دۆزراوەتەوە و هاووڵاتیانی ناوچەكە ئاگاداریانكردینەوە و ئەمڕۆ بەهاوكاری هێزەكانی ئاسایش و نەخۆشخانەی شارۆچكەی دەربەندیخان تیمەكانمان بەڕێگای تەقاندنەوە بۆمبەكەیان پوچەڵكردەوە”.

ئاكۆ محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “خەڵكی ناوچەكە قوربانییەكی زۆری هەیە و بەداخەوە، چونكە هاووڵاتیانی دەرەوەی ناوچەكە بەمەبەستی گەشت سەردانی ئەو گوند و ناوچانەی شەمێران دەكەن شارەزا نین و دەكرێت بكەونە ناو كێڵگەی مینەوە و بەمەش مەترسی لەسەر ژیانی ئەو هاووڵاتیانە هەیە”.

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە ئیدارەی گەرمیان داواشی كرد، “گەشتیاران لە كاتی سەردانیكردنی ناوچەی شەمێران لەگەڵ گوندنشینان بدوێن بۆ ئەوەی دڵنیابن لە هەبوون و زانینی ئەو شوێنانەی كە مەترسی هەیە و مینڕێژ كراون”.

خەڵك – یەحیا حبیب



هەلبژاردە

گرنگترینەکان