سەردێر

دوو كەس بەهۆی كۆرۆناوە لە هەرێم گیانیانلەدەستدا

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاشكرای دەكات، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 197 حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراوە و 111 كەسیش چاكبوونەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، 6322 پشكنین ئەنجامدراوە و دەركەوتووە لە هەولێر 85 كەس و سلێمانی 47 كەس و لە گەرمیان 5 كەس و دهۆك 56 كەس و ڕاپەڕێن 4 كەس تووشی كۆرۆنا بوون.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستی، 111 كەس چاكبوونەوە و دوو حاڵەتی گیان لەدەستدانیش لە هەولێر و دهۆك تۆمار كراون.

وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە، تائێستا 109151 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 103625 حاڵەتی چاكبوونەوە تۆماركراوە و 3521 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانلەدەستداوە.