سەردێر

شەنگال دەبێتە خاڵی ناكۆكی زلهێزانی ناوچەیی

شەنگال لە ناكۆكی پارتی و پەكەكەوە بۆ ململانێی ئێران و توركیا

خەڵك-

رەوشی شەنگال لە دوای هەڕەشەكانی داعشەوە، ئێستا بووەتە جێی ململانێی دوو زلهێزی ناوچەیی ئەوانیش ئێران و توركیان.

لە دوای لێدوانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە مانگی كانوونی دووهەمی رابردوو كە رایگەیاند لە شەوێكدا كتوپڕ دەچنە نێو شنگال و دوای ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆی 2 بۆ سەر گارە لە 10ی شوبات، هێزێكی گەورەی حەشدی شەعبی گەیشتنە شەنگال.

بەرپرسان و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و شیعە لە عێراق بە توندی هەر هێرشێكی توركیا بۆ سەر شەنگال وەستانەوە و هەڕەشەوەی وەڵامدانەوەی توندیان كرد.

هاوكات شاندێكی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان نزیك لە پەكەكە سەردانی بەغدایان كرد لەوێ لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی شیعەدا گفتووگۆیان كرد.

لە نوێترین پێشهاتدا پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و تاران لە سەر شەنگال رووی لە ئاڵۆزی كردووە، بەتایبەت لەسەر لێدوانی باڵوێزەكانی ئەم دوو وڵاتە لە بەغدا، هەردوو دەوڵەت باڵوێزی یەكدیان بانگێشتكردووە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی.

هەریەكە لە دوو دەوڵەتی توركیا و ئێران، شەنگال بە خاڵی ستراتیژی خۆیان دەزانن.

ململانێی ئێران و توركیا لەسەر شەنگال لەكاتێكدایە، تا دێت ململانێكانی پەكەكە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش قوڵتر دەبنەوە.

هاوكات ئەو رێككەوتنەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا كردیان بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكانی سەر بەپەكەكە لە شەنگال شكستی هێنا.

هیوا سەید سەلیم چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند،
هەڕەشەكانی شەنگال نوێ‌ نین و باكگراوندێكی مێژووییان هەیە
و پێكهاتەكانی شەنگال بە تایبەتی ئێزیدییەكان تا ئێستا دەیان فەرمانیان بەسەردا سەپێنراوە كە دواینیان لەلایەن داعشەوە بوو.

وتیشی، دەوڵەتی توركیا ئەوەی لەڕێگەی داعشەوە پێی نەكرا دەیەوێت خۆی بیكات و شەنگال داگیر بكات و تایبەتمەندی ئەو ناوچەیە نەهێڵێت لەبەرامبەریشدا دەوڵەتی ئێران دەیەوێت ناوچەكە بكات بە مەركەزێكی شیعە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا ململانێكان لەسەر شەنگال بووە بە ململانێیەكی نێودەوڵەتی ئایندەی ناوچەكەو پێكهاتەكەی زەرەرمەندی یەكەم دەبن لەو ململانێیەدا.

ئەو چاودێرە ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەگەر خەڵكی شەنگال بە تەمای هێزە سیاسییە كوردییەكان بن ئەوا جارێكی دیكە دەبێتەوە بە قوربانی و بەداخەوە یەكێتی لەبەر ململانێی ناوخۆی خۆیان نایانپەڕژێتە سەر ئەو ناوچەیەی لە دەستووری عێراقی پێیدەوترێت ناوچەی كێشە لەسەر .

وتیشی، دەبێت خەڵكی شەنگال باشتر خۆیان رێكبخەن لەچوارچێوەی هێزێكی ڕێكخراو كە لەلایەن عێراقەوە پشتیوانیان بكرێت و بتوانن داكۆكی لە خۆیان بكەن و نەبنە قوربانی ململانێی هێزەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر لە ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ئەمریكا و هاوپەیمانان سنورێك بۆ سوپای توركیا دانەنێن ئەردۆگان ئەو قسەیەی خۆی دەباتە سەر كە وتی لە پڕێكدا دەچین شەنگال داگیر دەكەین .

شەنگال لە مانگی ئابی 2014 لەلایەن داعشەوە داگیركرا، هەزاران كەس كوژران و برینداربوون و ئاوارەبوون و دواتر لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان، پێشمەرگە، گەریلا و شەڕڤانی پەكەكە و یەپەگە، هێزە عێراقییەكان لە سوپا و پۆلیس و حەشد و دژەتیرۆر گیرایەوە.

تا ئێستا بەهۆی ململانێكانی پارتی و پەكەكەوە رەوشی شەنگال ئاسایی نەبووەتەوە و ئاوارەكان نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵەكانیان.