سەردێر

ئاستەنگ بۆ گواستنەوەی سەوزە و میوە دروستدەكرێت

كێشە لەنێوان شۆفێران و خاوەن عەلوەكان سەرهەڵدەدات

سلێمانی – نزار جەزا

ئەمڕۆ شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی گردبوونەوەیەكیان لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا، بەهۆی ئەوەی شۆفێرانی مەرزی باشماخ فشاریان دەكەنەسەر بۆئەوەی كارنەكەن.

خۆپیشاندانی شۆفێران و کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی

لەچەند ساڵی ڕابردوودا لەمەرزی باشماخ هێڵێكی كاركردن هەبوو كە تەنها خاوەن ئەو هێڵە دەیتوانی كاری شۆفێری لەمەرزەكەدا بكات، بەڵام دواتر خاوەن عەلوەكانی سلێمانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری تایبەت بەخۆیان كڕی و خۆیان باری خۆیان دەهێنایەوە بۆ سلێمانی، ئەمەش بووە جێگەی ناڕەزایەتی خاوەن هێڵەكانی مەرزی باشماخ.

لەدوای دروستبوونی ناڕەزایەتییەكان فشارخرایە سەر شۆفێری عەلوەكان، كە مەرزەكە جێبهێڵن، ئەوانیش لەژێر فشاردا لەساڵی ٢٠١٧دا مەرزەكەیان جێهێشتووە و ئێستا بارەكانیان لەمەرزی سەیرانبەند و تەوێڵە و مەرزەكانی دیكەوە بۆ سلێمانی دەگوازنەوە، بەڵام هێشتا خاوەن هێڵەكانی مەرزی باشماخ فشاردەخەنە سەر ئەوان، بۆئەوەی واز لەكاركردن بهێنن.

لەبەردەوامی فشارەكاندا شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە لەسەر ڕێگاكان رێگرییان لێدەكرێت و جامی ئۆتۆمبێلەكانیان دەشكێنرێت، تەنانەت باس لەڕفاندنی ئۆتۆمبێلێكیش دەكرێت، كە هێزە ئەمنییەكان توانیویانە ئۆتۆمبێلەكە بدۆزنەوە و بیگەڕێننەوە بۆ خاوەنەكەی.

خۆپیشاندانی شۆفێران و کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لەشۆفێرانی نێو خۆپیشاندانەكەوە وەریگرتووە، شۆفێرانی مەرزەكانی دیكە جگە لەباشماخ هیچ گرفتێكیان لەگەڵ شۆفێرانی عەلوە نییە، چونكە لەگەیاندا ڕێككەوتوون و بەبێ كێشە كارەكانیان دەكەن.

بەهۆی ئەم فشارانەوە، شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی بڕیاریاندا كارەكانیان ڕابگرن، تائەوكاتەی حكومەتی هەرێم و لایەنی بەرپرس چارەسەری كێشەكەیان بۆ دەكەن.

هەر هێڵێك لەهێڵەكانی مەرزی باشماخ نرخی دەگەیشتە نزیكی ٩٠ هەزار دۆلار، بەڵام بەهۆی دەركردنی شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی و نەگواستنەوەی بارەكانی عەلوە لە مەرزی باشماخەوە، ئێستا نرخی ئەو هێڵانە دابەزیون و وەك پێویست كاری تێدانەماوە، لەبەرئەمە شۆفێرانی مەرزی باشماخ ناڕازین.

خۆپیشاندانی شۆفێران و کاسبکارانی عەلوەی سلێمانی

شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی دەڵێن: ئێمە باری خۆمان لەئێرانەوە بۆسلێمانی دەهێنێن، من ئۆتۆمبێلی خۆم هەیە، بۆچی بەئۆتۆمبێلی خەڵكی تر بیگوازمەوە؟

ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ ژمارەیەك لەشۆفێرانی بارهەڵگرەكانی مەرزی باشماخ لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و رایانگەیاند شۆفێرەكان هێڵی فەرمییان هەیە و لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخ مۆڵەتیان هەیە و ساڵانە هێڵەكانیان نوێدەكەنەوە وكۆمەڵێك ڕسوماتیشیان هەیە، بەڵام ژمارەیەك خاوەن عەلوەی سلێمانی بارهەڵگریان كڕیوە و خۆیان بارەكان دەگوازنەوە، لەكاتێكدا هیچ ڕسوماتێكیان نییە و كارەكەیان نایاساییە، ئەمەش گرفتی بۆ ئەو شۆفێرانە دروستكردووە كە خاوەن هێڵن و ناتوانن كاربكەن.

خۆپیشاندانی شۆفێرانی بارهەڵگرەکانی مەرزی باشماخ

هەر دوێنێ ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ ئەو شۆفێرانە كۆبوونەوە و دواتر بۆ میدیاكانیان ڕوونكردەوە، داوای شۆفێرەكان ڕەوایە و پێویستە تەنها ئەو كەسانە بار بگوازنەوە، كە هێڵیان هەیە و داواكارییەكانیان جێبەجێبكرێت.

ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەنێو خۆپیشاندەرانی مەرزی باشماخ

ئەمڕۆش بەهەمانشیوە ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاتنە نێو خۆپیشاندەران و وتیان، گوێ لەداواكاری هەردوولا دەگرن و مافی هەموو هاوڵاتیانیان لا مەبەستە و خزمەتی هەموولایەك دەكەن و لەگەیاندا كۆدەبنەوە.

گوێگرتنی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەداواکاری خۆپیشاندەرانی عەلوەی سلێمانی

ئەم كێشەیەی نێوان شۆفێرانی بارهەڵگرەكان پێویستی بەچارەسەری خێرا هەیە، چونكە لەئێستادا شۆفێرانی عەلوەی سلێمانی بڕیاریانداوە هیچ بارێك نەهێننە سلێمانی تاكو كێشەكە چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەكرێت، چونكە پێیان وایە مەترسی لەسەر خۆیان و ئۆتۆمبێلەكانیان هەیە.