سەردێر

پەروەردەی سلێمانی هەلی دامەزراندنی مامۆستایان ڕادەگەیەنێت

خەڵك-
بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەو مامۆستایانەی لە ساڵانی پێشوو فۆڕمی وانەبێژیان پڕكردۆتەوە، لەكاتی وەرگرتنی مامۆستای وانەبێژی ئەولەویەت بە ئەوان دەدرێت و دەشڵێت: “بە تێكڕا پەروەردەكەی پێویستی بە نزیكەی 70 وانەبێژ هەیە”.

تریفە محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بانگەوازێك كرا بۆ ئەو مامۆستایانەی وەك وانەبێژ لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا فۆڕمیان پڕكردۆتەوە، پەیوەندیان پێوە دەكرێت بە پێی پسپۆڕییەكانیان.

وتیشی، “لە ئێستادا كێشەمان ئەوەیە، كە ئەو ژمارانەی لەسەر فۆڕمەكە دانراون گۆڕاون یان لەكاركەوتوون، بۆیە ئێمە نامانەوێ چانسی ئەوانە بفەوتێت، چونكە ڕایەڵەی پەیوەندیمان تەنها بانگەوازەكەیە، بۆیە ئەو مامۆستایانەی ئارەزووی وانەبێژییان هەیە سەردانمان بكەن”.

بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا لە سنوری پەروەردەكەی بە تێكڕا هەموو پسپۆِرییەكان پێویستیان بە نزیكەی 70 مامۆستا هەیە.

تریفە محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەم كاتەدا پێویستیان بە مامۆستا هەیە، بۆیە لەڕێگەی وانەبێژانەوە مامۆستا دابین دەكەن، لە دەچنە جێگای ئەو مامۆستایانەی مۆڵەتی بێ مووچە یان دایكایەتی یان خانەنشین بوون یان لە ژیان نەماون.