سەردێر

بڕیاری نوێ‌ بۆ قیستی یەكەكانی نیشتەجێبوون دەردەكرێت

خەڵك-
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە چاوەڕێی جێگیركردنی نرخی دۆلارن لە بودجەی عیراق و ئەوكات بڕیاری نوێ‌ بۆ شێوازی قستی یەكەكانی نیشتەجێبون دەردەكەن.

د. محەمەد شوكری،‌ سەرۆكی‌ دەستەی‌ وەبەرهێنانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لە لێددوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “چاوەڕوان دەكەین لەم چەند ڕۆژەدا لە بودجەی‌ عێراق نرخی‌ دۆلار جێگیر بكرێ‌، ئەوكاتە بڕیار لەسەر چۆنیەتی‌ پێدانی‌ قیستی‌ درێژخایەنی‌ یەكەكانی‌ نیشتەجێبوون لە كوردستان دەدەین”.

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ئاشكراش كرد، دوو پێشنیار هەیە بۆ چۆنیەتی‌ پێدانی‌ قیستی‌ درێژخایەنی‌ یەكەكانی‌ نیشتەجێبوون لەلایەن هاووڵاتیانەوە و بەم زووانە یەكلایی دەكرێتەوە.

سەبارەت بە پێشنیارەكان ڕاشیگەیاند، یەكێكیان ئەوەیە ،كە نرخی‌ دۆلار لەسەر یەكە نیشتەجێبوونەكان كەم بكرێتەوە لەو نرخەی‌ ئێستا هەیە، پێشنیارێكی‌ تریش ئەوەیە، كە قیستەكان بكرێن بە پارە و ماوەی‌ پێدانی‌ قیستەكان درێژ بكرێتەوە.