سەردێر

دەرگای ناوەندەكانی خوێندن لە هەرێم داناخرێنەوە

خەڵك-
جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕاسپاردەی لیژنەكەمان دوای كۆكردنەوەی زانیاری لە سەرجەم شارەكانی هەرێم ئەوەیە ئامارەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لەناو ناوەندەكانی خوێندن ئەوەندە جێگەی مەترسی نیە تا جارێكی دیكە دەرگای ناوەندەكان دابخرێنەوە.

موسلم عەبدوڵڵا قەسرێ، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆی لیژنەی پەروەردە دوای وەرگرتنی ئەو داتا و ئامارانەی لە ڕێگەی ئەندامانی لیژنە لە شار و شارۆچەكانی هەرێم دەست كەوتوون لە ناوەندەكانی خوێندن تەواوی لیژنە كۆدەنگە لەوەی پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت.

وتیشی، “ڕاستە ئامارەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لەهەرێم ڕوو لە هەڵكشانە، بەڵام ئەمە هەمووی لەسەر ناوەندەكانی خوێندن هەژمار ناكرێت، ئەوەی هەیە توشبوون بە كۆرۆنا لەناوەندەكانی خوێندن بەتێكڕا نزیك دەبێتەوە لە 70 توشبوون لە قوتابیان و مامۆستایان، ئەمەش ناكاتە ئەوەی پڕۆسەیەكی وەها گەورە ڕابگیرێت”.

ڕاشیگەیاند، هەمیشە جەخت لەسەر ڕێكارەكانی خۆپارێزی دەكەینەوە لەهەموو شوێنێك بەتایبەت لە ناوەندەكانی خوێندن، بۆیە ناكرێت چارەنوەسی نزیكەی ملیۆنێك و 700 هەزار خوێندنكار و 200 هەزار مامۆستا لەبەرچاو نەگیرێت، لەكاتێكدا داتامان لایە لەخوێندنگەیەك، كە زۆرترین كۆرۆنای تێدا تۆماركراوە 16 قوتابی و 2 مامۆستا بووە.

ئاشكراشیكرد، بۆ كاتی ئێستا ڕاسپاردەی ئێمە وەك لیژنەی پەروەردە ئەوەیە خوێندن بەردەوام بێت بەجێبەجێ‌ كردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی زیاتر، ئەگەر دۆخەكە زیاتر تەشەنەی سەند ئەوا دەكرێت قسەیەكی دیكە بكرێت.