سەردێر

کۆپتەرێکی سەربازی ڕووسی لە سوریا کەوتەخوار

 

خەڵک

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، بەهۆی نیشتنەوەی لەناکاو، هەلیکۆپتەرێکی سەربازیی هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە باکووری ڕۆژئاوای شاری حەسەکە لە سوریا کەوتووەتە خوار.

 

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە تۆڕی هەواڵی سپۆتنیکی ڕووسی بڵاویکردووەتەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت:”هەلیکۆپتەرەکە، هەلیکۆپتەری سەربازیی جۆری  Mi-35Mی ڕووسی بووە، نەهێرشی کراوەتە سەر و نە تەقەی لێکراوە”.

 

ئەوەش خراوەتەروو، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئەرکە سەربازییەی کە لەپارێزگای حەسەکەی سوریا پێی سپێردراوە کەموکوڕیی تەکنیکی لە کۆپتەرەکەدا ڕوویداوەو دەستەی تایبەتی کۆپتەرەکە هیچ مەترسیەکیان لەسەر دروست نەبووە.

 

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئەو هەواڵانەش ڕەتدەکاتەوە کە ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا بڵاوی کردووەتەوە، کە هەلیکۆپتەرێکی ڕووسی لە ڕۆژئاوای تەل تەمەر لە باکووری ڕۆژئاوای شاری حەسەکە کەوتووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەستداوە.

 

ئاژانسی هەواڵی سانا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لەنێوان گوندەکانی ڕیحانیە و قاسمیە لە ڕۆژئاوای ناوچەی تل تەمری باکووری ڕۆژئاوای حەسەکە، هەلیکۆپتەرێکی ڕووسی کەوتووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەستداوە و ئەندامانی دیکەی دەستەی فڕۆکەوانی برینداربوون.