خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی عیراق ناوی ئەو چین و توێژانە بڵاودەكاتەوە، كە سەرەتا بە ڤاكسینی كۆرۆنا دەكوترێن و جەختیشدەكاتەوە، كە لەم مانگەدا 18 ملیۆن هاووڵاتی دەكوترێن.
وەزارەتی تەندروستی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سبەینێ 1ی ئازار یەكەم بەشی ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆری (سینۆفارم)ی چینی دەگاتە عیراق، كە 50 هەزار پێكوتەیە و بەشی هەموو پارێزگاكانی تێدایە.
ئاشكراشی كردووە، سەرەتا ڤاكسینەكە بۆ 8 چین و توێژ بەكاردەهێنرێت، كە بریتین لە (كارمەندانی تەندروستی و ئەو هاووڵاتیانەی تەمەنیان سەرووی 50 ساڵە و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و ئاوارەكان و ئەوانەی چاودێری خێزان دەیانگرێتەوە و كارمەندانی ناوخۆ و نەخۆشی شێرپەنجە و زیندانیان و خانەكانی بەساڵاچووان و بێ سەرپەرشتان و ئەوانەی كارەكانیان مەترسیداری هەیە وەك فڕۆكەخانە و وێستگەی شەمەندەفەر و دەروازە سنوریەكان و مامۆستایان و ڕاگەیاندنكاران و خاوەنی چێشتخانەكان).