سەردێر

توركیا و ئێران لەسەر عیراق و پەكەكە دەبێتە شەڕیان

خەڵك-
سەبارەت بە هێرش و لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عیراق و هەرێمی كوردستان، تاران و ئەنكەرە دەكەونە شەڕی دبلۆماسییەوە و وەڵامی یەكتری دەدەنەوە.

دوای ئەوەی ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند، “توركیا خاكی عیراق پێشێل دەكات و سەروەرییەكەی دەبەزێنێت و شنگال هیچ پەیوەندی بە توركیاوە نییە تاوەكو بڕیار لەسەر چارەنووسی بدات” وەزارەتی دەرەوەی توركیا بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران لە ئەنكەرە دەكات و داوای ڕوونكردنەوەی لەسەر ئەو قسانە لێ‌ دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەبارەت بە قسەكانی ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عیراق بانگهێشتی محەممەد فەرازمەند، باڵیۆزی ئێران لە ئەنكەرە كراوە و داوای ڕوونكردنەوەمان سەبارەت بەو قسانە لێ‌ كردووە.

ڕاشیگەیاندووە، گروپە تیرۆرستییەكان بوونەتە هۆی تێكدانی ئاسایشی عیراق و ئۆپراسیۆنەكانیشمان لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، چاوەڕێی ئەوەمان لە ئێران كردووە تاوەكو لە شەڕی تیرۆر پشتیوانیمان بكات نەك دژایەتیمان بكات.

وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەشڵێت: “ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە راستیدا دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە کە “سەقامگیریی، ئاسایش و سەروەریی عێراقیان کردووەتە ئامانج”.

هاوكات وەزیری ناوخۆی توركیا لە لێدوانێكی بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی، ئێران تۆمەتبار دەكات بە هاوكاری پەكەكە و دەڵێت، “بنكەكانی پەكەكە لەناو خاكی ئێران بووونیان هەیە”.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی باڵیۆزی توركیا لە تاران دەكات و نامەی ناڕەزایی پێ‌ دەدات لەسەر ئەو لێدوانانە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لێدوانی وەزیری ناوخۆی توركیا سەبارەت بە بوونی بارەگای پەكەكە لەناو خاكی وڵاتەكەی ڕەتدەكاتەوە و لەسەر ئەو قسانە و هەروەها قسەكانی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بەرامبەر باڵیۆزی ئێران لە بەغدا نامەی ناڕەزایی دەداتە باڵیۆزی توركیا لە تاران.