سەردێر

سبەی ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە هەرێم

خەڵك-

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سبەی شەو 5 هەزار ڤاكسینی كۆرۆنا لە وڵاتی چینەوە دەگاتە هەرێمی كوردستان و عێراق.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، سبەی شەوی دوو شەممە كاروانی یەكەمی ڤاكسینی (سینۆفارم)ی چینی دەگاتە هەرێمی كوردستان و عێراق، كە بڕی هەرێمی كوردستان لەو كاروانە 5 هەزار ڤاكسینە.
وتیشی”لەگەڵ گەیشتنی ڤاكسینەكە پێویستی بە هەندێك پشكنین هەیە و دواتر بڕیار لەكاتی بەكارهێنانی دەدرێت”.
ئاشكراشیكرد، بەشێك لەو ڤاكسینانە لەسەر داوای كونسوڵی چین بۆ ئەو هاووڵاتییە چینیانە بەكاردەهێنرێت كە لە هەرێمی كوردستانن، نزیكەی چوار هەزار دانەشی بۆ كارمەندانی تەندروستی بەكاردەهێندرێت و بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان دابەش دەكرێت، كە بۆ هەر كەسێك دوو ژەم بەكاردەهێندرێت، واتە بەشی نزیكەی 2 هەزار كەس دەكات.