سەردێر

بایدن بۆچی دژی سعودیەیە؟

خەڵك-

سەرۆكی پارتی سەربەستی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بۆ تەواوی دونیا ئاشكرا بووە كە بابەتی مافی مرۆڤ وەكو مامەڵەیەكی گاز و نەوت كاری لەسەر دەكرێت.

چەند ڕۆژێكە پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئەمریكا گرژی تێكەوتووە و ئەمریكا بابەتی تیرۆركردنی خاشقچی زیندوو كردووەتەوەو جۆ بایدنیش ئاشكرایكدن بە پەیوەندییەكانیاندا دەچنەوە لەگەڵ سعودیە.

بڕیارە سبەینێ دوو شەممە ئەمریكا راگەیەنراوێك لەبارەی عەرەبستانی سعودیەوە بڵاوبكاتەوە، لەوێ هەڵوێست و جۆر و مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ ریاز ئاشكرا دەكرێت.

ئەم هەنگاوەی بایدن دوای ئەوە دێت راپۆرتێكی ئەمریكایی ئاشكرایكرد كە محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە دەستی هەبووە لە كوشتنی رۆژنامەنووسی نەیاری عەرەبستان جەمال خاشقچی لە توركیا.

عارف باوەجانی سەرۆكی پارتی سەربەستی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوو هۆكار هەیە یەكێك ئەو گرنگیپێدانەی لە نێوان تڕەمپ و سعودیە هەبوو بایدن بەشێوەیەكیترە، چونكە ئەمریكا دەیەوێت هەمیشە سعودیە پێویستی بە ئەمریكا بێت، هۆكاری دووەمیش نزیكبوونەوەی هەندێك هاوپەیمانی ئەمریكایە لە ڕوسیا، بەجۆرێك ئەمریكا كاردانەوەی دەبێت لەبەرانبەر ئەو وڵاتانە.

وتیشی”بڕیارە چەند گرێبەستێك لە نێوان ڕوسیا و سعودیە دروست ببێت، ئەمانە لای ئەمریكا پەسەند نییە، چونكە ناكرێت لە یەك كاتدا دۆستی ڕوسیا و ئەمریكا بێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ساڵانێكە ئەمریكا و ڕوسیا گرفتیان هەیە، بەڵام ڕوسیا لاواز بوو، ئێستا خەریكە زیندوو دەبێتەوە بە ئەنجامدانی هاوپەیمانی لەگەڵ چین و سعودیە و ئێران و هەندێك وڵاتی دیكە، خەریكی دروستكردنی بەرەیەكی بەهێزە و ئەمریكاش هەستی بەوە كردووە، هێزەكانی ئەو دوو وڵاتەش لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەوە نیشان دەدەن كە بەردەوام پێچەوانەی یەكدی كار دەكەن.
ڕوونیشیكردەوە، لە ڕۆژێكدا هەزارانی وەكو خاشقچی لە دونیادا تیرۆر دەكرێن، ئەمریكا قسە ناكات، بۆچی لای ئەمریكا ئەو كەسە ئەوەندە گرنگە مرۆڤ هەر مرۆڤ نییە؟ ئەمریكا بچوكترین لێدوان نادات لەو بارەوە.

ئاشكراشیكرد، بۆ تەواوی دونیا ئاشكرا بووە، بابەتی مافی مرۆڤ وەكو مامەڵەیەكی گاز و نەوتی كاری لەسەر دەكرێت.

لە ئەگەری نزیكبوونەوەی سعودیە لە ئێران، باوەجانی ڕایگەیاند، ئەگەر سعودیە ئەو كارانە بكات لەگەڵ مەرگی خۆی یاری دەكات، سعودیە و وڵاتانی عەرەبی پێویستیان بە مانەوەیە لەگەڵ ئەمریكا، ئەگەر بچێتە هاوپەیمانی ئێرانەوە و سعودیە و وڵاتانی عەرەبی ڕووبەڕووی قەیرانێكی سیاسی و ئابووری دەبنەوە.