سەردێر

هەرێم و بەغدا رێكنەكەوتوون

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تاكو ئێستا بەغدا و هەرێم لەسەر پرسی بودجە ڕێكنەكەوتوون.

دوای دەیان كۆبوونەوەی چڕی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی بودجە، تاكو ئێستا هیچ ڕێككەوتنێك ئەنجام نەدراوە و سەرەڕای گرفتی بودجە، بەرپرسانی هەرێم ئاشكرایدەكەن، جگە لە بودجە كێشەی تریشیان لەگەڵ بەغدا هەیە.

سەلیم شوشكەیی ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پرسی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ماوەتەوە ئایا لە بەغدا پەسەندی دەكەن یان نا.

وتیشی”شیعەكان داوای 430 هەزار بەرمیل دەكەن ڕۆژانە و لەو بڕە 150 هەزاری بدەنەوە بە هەرێم بۆ ئەوەی بیداتەوە بە كۆمپانیاكان و 30 هەزاری دیكەش بدەنەوە بۆ بەكارهێنانی نێوخۆیی، ئەوەشی دەمێنێتەوە ڕادەستی سۆمۆی بكات”.

بەپێی داواكاری شیعەكان بێت، تەنها 250 هەزار بەرمیل دەمێنێتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە، حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر پێدانی ئەو بڕە دەربڕیوە، بەڵام هۆكاری واژوونەكردنی ڕێككەوتنەكە بۆ دەستاودەستكردن و دواخستنی ڕێككەوتنەكە دەكرێت، كە بەشێك لە چاودێران پێیانوایە، هەندێك لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و بەغدا بەرژەوەندیان لە ڕێكنەكەوتن یان دواخستنی ئەو ڕێكەوتنەدایە.