سەردێر

سبەینێ پەڕلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە

خەڵك-

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ پەڕلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە.
هەرچەندە زۆرێك لە كێشەكانی نێوخۆی عێراق بەتایبەت پرسی بودجە و خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق چارەسەر نەكراون و بوونیان هەیە، بەڵام پەڕلەمانی عێراق لەسەر چەند پرسێكی لاوەكی كۆدەبێتەوە پەڕلەمانتارانیش هۆكارەكەی بۆ ڕێكنەكەوتنی نێوان لایەنەكان دەگێڕنەوە.

سەلیم شوشكەیی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكەی سبەینێ دوو شەممە پڕۆژە یاسای بودجەی تێدا نییە.

وتیشی” كۆبوونەوەكە پەیوەستە بە چەند پرسێكەوە لەوانە یاسای ئەندامبوونی عێراق لە هەندێك گرێبەستی نێودەوڵەتی و یاسای ژمێریاران و ووردبینان و گفتوگۆی یاسایەكی دیكە”.

پێویستە بودجەی ساڵانەی عێراق لە مانگی 10 دا ئامادە بێت، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان بەتایبەت چارەسەرنەكردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، تا ئێستا پرۆژەی بودجەی پەسەند نەكراوە.

هۆكارێكی دیكەی دواخستنی پەسەندكردنی پرۆژەی بودجە پەیوەندی هەیە بە هەوڵی هەندێك لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بۆ ئاسەنگكردنی پرۆژەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق.