سەردێر

شەپۆلێكی خێرای كۆرۆنا بەڕێوەیە

وەزارەتی تەندروستی: هەرێم لەبەردەم ترسناكی بڵاوبوونەوەی خێرای كۆرۆنادایە

 

خەڵك-

وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، بە ئامادەبوونی سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گەورەترین بەشی چاودێری چڕ لەشاری هەولێر دەكرێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەمڕۆ یەك شەممە 28ی شوبات لەدرێژەی ئامادەكارییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵكشانی نوێی نەخۆشی كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشێكی گەورەی چاودێری چڕ بەناوی نەخۆشخانەی لالاڤ لە شاری هەولێر دوای تەواوبوون و دابینكردنی سەرجەم ئامێر و پێداویستی پزیشكی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشانی كۆرۆنا كە باری تەندروستیان ناجێگیرە بەكاردەهێنرێت.

ئاشكراشیكرد، كردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە لەكاتێكدایە ڕۆژ بەڕۆژ ژمارە و ڕێژەی تووشبوون لە زیادبووندایە و هەموو ئاماژەكان بەرەو هەڵكشان و تەشەنەكردنی ئەم پەتایەیە و هەرێمی كوردستان لەبەردەم ترسناكی بڵاوبوونەوەی خێرا دایە.