باڵیۆزی ئێران كۆماری ئیسلامی لە عیراق ڕایدەگەیەنێت: هەڕەشەكانی توركیا لە هێرشكردنە سەر شنگال ڕەتدەكەنەوە و دەبێت توركیا خاكی عیراق بەجێبهێڵێت.
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عیراق لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی ڕووداو ڕایگەیاند:”پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر گەرمن، هەروەها وتیشی حكومەتی ئێران دژی ئەو دوو فیلمە بوو كە لەسەر هێرشەكانی داعش بۆ سەر هەولێر بەرهەمهێندرابوون و بوونە هۆی تووڕەبوونی سەركردایەتی لە هەرێمی كوردستان”.
ئیرەج مەسجدی ڕوونیشیكردەوە، ئەوان دژی هەبوونی هەموو هێزێكی سەربازیی بیانین لە عیراق و هەرێمی كوردستان، هەر لەو چوارچێوەیەشدا هەڕەشەكانی توركیا لە هێرشكردنە سەر شنگال ڕەتدەكەنەوە و دەبێت توركیا خاكی عێراق بەجێبهێڵێت و هێزەكانی بگەڕێنەوە سنوورە نێودەوڵەتییەكان.
باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عیراق ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان دژی هێرشكردنە سەر هەولێر و هەموو نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانن لە عیراق.
خەڵك – بەشی هەواڵ