سەردێر

سعودیە ڕاپۆرتەكەی ئەمریكا لە بارەی كوژرانی خاشقچی ڕەتدەكاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بە تەواوەتی ڕاپۆرتەكەی ئەمریكای لەبارەی كوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەوان ڕەتكردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئەوەی خستەڕوو، چاودێری ئەو ڕاپۆرتە دەكەن لەبارەی كوشتنی خاشقچییەوە پێشكەشی كۆنگرێسی ئەمریكا كراوە و تیایدا هاتووە:”بەهیچ جۆرێك ئەو ڕاپۆرتە قبوڵ ناكەین كە تۆمەتی بێبنەما و سووكایەتی تیادایە بەرامبەر ئیدارەی سعودیە و ڕاپۆرتەكەی ئەمریكا چەندین زانیاری و ئەنجامی ناڕاستی تیادایە”.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە‌‌ تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی، پێشتریش لەلایەن، لایەنە پەیوەندیدارەكانی سعودیەوە ئیدانەی كوشتنی خاشقچییان كردووە كە ئەمە دژی یاسا و بەهاكانی سعودیەیە و داكۆكی لەوە كردووە كە ئەوانەی ئەم كارەیان ئەنجام داوە سنووری دەسەڵاتی خۆیان بەزاندووە و لەلایەن كەسانێكەوە ئەمە ئەنجام دراوە كە تەواوی سیستمی سعودیەیان بەزاندووە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوەش كراوە، كە بۆ لێكۆڵینەوە لە كوشتنی خاشقچی و ڕادەستكردنی بەرپرسیارانی ئەم ڕووداوە تەواوی هەنگاوە پێویستییەكانیان ناوە، دەسەڵاتی دادوەریش لەبارەی ئەنجامدەرانەوە بڕیاری كۆتایی داوە و خانەوادەی خاشقچیش بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لەو بڕیارە كردووە.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بە تیشك خستنە سەر ئەوەی كە هاوبەشیەتی نێوان سعودیە و ئەمریكا بەهێزە، هیوای خواستووە ئەم پەیوەندییانە لە سەر بنەمای ڕێزی هاوبەش كە 80 ساڵە بەم جۆرەیە، بەردەوام بن.

جێی ئاماژەیە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا ئامادەی كردووە، دەركەوتووە شازادەی جێنشینی سعودیە، محەمەد بن سەلمان ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ كوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەوان لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ.

خەڵك – بەشی هەواڵ



هەلبژاردە

گرنگترینەکان