خەڵک
پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی بەشێک لە بەرنامەیەکی کات بەسەر بردن لە یەکێك لە کەناڵەکانی هەرێمی کوردستان لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا کەسێک باس لە ئەنجامدانی قۆپی و ڕێگەکانی ساختەکاری لە وانەکانی خوێندندا دەکات ڕێکخراوێکی قوتابیان، لە راگەیەنراوێکدا داوای گرتنەبەری رێکاریی یاسایی دژ بەو کەسە دەکات.
دەقی ڕاگەیەنراوەکە
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بۆ بەڕێزان:
داواکاری گشتی هەرێم وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم
لەم ڕۆژانەدا و لەکەناڵێکی ڕێگەپێدراوی تەلەفزیۆنییەوە، لەبەرنامەیەکی تەرفیهی و کات بەسەر بردندا، کەسێک کەخۆی وەک مامۆستای زانکۆ و بەڕێوەبەری پەیمانگایەکی ئەهلی دەناسێنێت، بەشێوەیەکی ڕوون و بەشانازییەوە باس لەوە دەکات کە لەپۆلی دووی ناوەندییەوە بە قۆپی و گزیکردن دەرچووە، هاوکات وردەکاری و شێوازەکانی قۆپیکردنیشی دەخاتەڕوو.
لە چەقی قەیرانە پەروەردەییەکاندا و لەم دۆخە ناهەموارەی کەرتی پەروەردە و خوێندندا، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە بابەتانە و ڕەواجپێدانی، تاوانێکی ئاشکرایە و کاریگەریی خراپ لەسەر بیر و بۆچوون و دەروونی قوتابیان و خوێندکاران جێدەهێڵێت، هەروەها حەزی زانست و ویستی هەوڵ و کۆششکردن بۆ فێربوون بەلاڕێدا دەبات، ئەمە بەدەر لەوەی بە ئاشکرا قوتابیان بۆ پەنا بردنە بەر ڕێگای هەڵە و گزیکردن هان دەدات.
ئێمە لە ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان بەپێویستی دەزانین، لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵە زەقانەدا داواکاری گشتی لەهەرێم بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات و ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر، هاوکات داواکارین لە هەرکام لەوەزارەتەکانی (پەروەردە و خوێندنی باڵا و وەزارەتی ڕۆشنبیری) بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر کەسەکە و ئەو دەزگا ڕاگەیاندنەش بگرنەبەر.
ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان مەکتەبی سکرتاریەت ٢٧ شوباتی ٢٠٢١