سەردێر

ئاگاداریەك لە كارەبای سلێمانیەوە

جگە لە ستافی تایبەتی هۆبەكانی چاكسازی كارەبا و كۆمپانیا هیچ كەس بۆی نییە دەستكاری پێوەرەكان بكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

كارەبای سلێمانی رایگەیاند،جگە لە ستافی تایبەتی هۆبەكانی چاكسازی كارەبا و كۆمپانیا هیچ كەس بۆی نییە دەستكاری پێوەرەكان بكات بە پێچەوانەوە توشی لیپرسینەوەی یاسایی دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، ئاگاداری ئەو گەڕەكانە دەكەینەوە كە پێوەری زیرەكیان بۆ دەبەسترێت، جگە لە ستافی تایبەتی هۆبەكانی چاكسازی كارەبا و كۆمپانیا هیچ كەس بۆی نییە دەستكاری پێوەرەكان بكات بە پێچەوانەوە توشی لیپرسینەوەی یاسایی دەبێت.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، هیچ كەسێك بە ناوی زیادكردنی بڕی ئەمپێری كارەبای پێوەری زیرەك پارە بە كەس نەدات، چونكە كاری لەو شێوەیە ناكرێت.

دەشڵێت، لە كاتی بوونی هەر كێشەیەكدا، هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی ٠٧٧٠١٣٩٤٦٤٢ بكەن.

پرۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبا یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێم كە لە كۆتایی مانگی ٩ی ساڵی ٢٠١٩دا چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و تا ئێستاش لەناو شاری سلێمانیدا زیاتر لە ١٦٤ هەزار پێوەر لە ٦٧ گەڕەكی ناو شاری سلێمانی دانراوە و رۆژانەش بەڕێوەبەرایەتی كارەبا لە بەستنی پێوەرەكە بەردەوامە.