سەردێر

ئومێد خۆشناو: ڕێگە بەهیچ كەس و لایەنێك نادرێت زێدەڕۆیی بكات

خەڵك-
پارێزگاری هەولێر لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەری شارەدێیەكان كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕێگە بەهیچ كەس و لایەنێك نادرێت زێدەڕۆیی بكات و دەشڵێت: “هەموو هەوڵێك بخەینەگەڕ بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین لەڕاییكردنی كاروباری هاووڵاتییان”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی پارێزگای هەولێر، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی هەریەك لە هێمن قادر و مەسعود كاڕەش، جێگرانی پارێزگار و یاریدەری پارێزگار، لەدیوانی پارێزگا، لەگەڵ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەرانی شارەدێیەكانی سنووری پارێزگای هەولێر كۆبووە.

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بۆ ئایندە پێویستە هەموومان وەك یەك تیم كاربكەین بۆ ئەوەی چی باشە پێشكەشی دانیشتوان و شارەكەمان بكەین و شوێن پەنجەی هەموولایەك لە كارەكاندا دیاربێت، دەبێت هەموو لایەكمان وەك یەك تیم بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان و دانیشتوانەكەی بەبێ جیاوازی كاربكەین و هەموو هەوڵێك بخەینەگەڕ بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین لەڕاییكردنی كاروباری هاووڵاتییان.

وتیشی، “بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بەهیچ كەس و لایەنێك نەدرێت زێدەڕۆیی و سەرپێچی لەسەر موڵكی گشتیی ئەنجامبدات”، لەمبارەیەشەوە پاڵپشتی تەواوی پارێزگاری هەولێری ڕاگەیاند بۆیان لە ڕێگەنەدان و لادانی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەكان.

سەبارەت بە پێداویستی و كەموكوڕی ناوچەكان، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەكرد، وێڕای ئەوەی جارێكی تر تەئكیدی لەسەر هەموو پاڵپشتی و هاوكاریەكان دەكەینەوە، دڵنیاشی كردنەوە ئەوەی لەتوانادابێت و بكرێت درێغی ناكات و بۆیان جێبەجێ دەكات.