سەردێر

لیژنەیەكی باڵا بۆ چارەسەری سەگ لەسلێمانی كۆدەبێتەوە

لەماوەی داهاتوودا لیژنەیەکی باڵا لەپارێزگای سلێمانی بۆ چارەسەری گرفتی سەگی بێلانە کۆدەبیتەوە

سلێمانی – نزار جەزا
بڕیارە لیژنەیەكی تایبەت لەپارێزگای سلێمانی لەماوەیەكی نزیكدا بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی زۆربوونی سەگی بێلانە لەشاری سلێمانی كۆببنەوە.

توانا كەمال، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشتر ئەو سەگە بێلانانە لەناودەبران، بەڵام ئەم چەند ساڵەی پێشوو ئەم هەنگاوە ڕاگیرا، بەهۆی پاراستنی مافی ئاژەڵانەوە، كە ئەمەش داواكاری سەرەكی ئاژەڵدۆستانبوو.

وتیشی،”لیژنەیەكی باڵا لەپارێزگای سلێمانی هەیە بۆ چارەسەری ئەم پرسە، كە بڕیارە لەماوەیەكی نزیكدا كۆببێتەوە، بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەم گرفتە و دەستنیشانكردنی ڕێگەچارەی گونجاو”.

زیاتر ڕوونیكردەوە، كێشەیەكی یاسایی لەو لیژنەیەدا هەیە، چونكە كە دروستكراوە، لەژێر بڕگەی یاسایەك دروستكراوە بۆ لەناوبردنی ئاژەڵی بێلانە، بەڵام ئەم بڕگەیە ڕەنگە بۆئێستا نەگونجێت، بۆیە لیژنەكە كۆدەبیتەوە، بۆئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەو بڕگەیەوە بكەن و دواتریش هەر بڕیارێكی پێویست هەبێت دەیدەن.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئێستا هەندێك ڕێكخراو هەن، كە باس لەكۆكردنەوەی سەگەكان دەكەن، بەڵام ئەمەش كۆمەڵێك كێشەی دیكەی بەدواوەیە، بۆیە پێویستە ئەم كۆبوونەوەیە بكەن، بۆئەوەی ڕاوبۆچوونی هەمووان وەربگرن.

سەرۆكی شارەوانی سلێمانی وتیشی: پێشتر بەئاسانی سەگەكان لەناودەبران، بەڵام ئێستا ئەمە بەئاسانی ناكرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەوڵاتانی دیكە سەگەكان كۆدەكەنەوە و بەخێویاندەكەن و دواتر بۆ ئەو وڵاتانەیان دەنێرن، كە گۆشی سەگ دەخۆن، بەڵام لەهەرێمی كوردستان لەڕووی ئاسایشی خۆراكیشەوە كۆكردنەوەی ئەو سەگاكە ترسی هەیە.

زیاتر ڕوونیكردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زەوییەكی پێنج دۆنمییان بە ڕێكخراوێك داوە، بۆئەوەی شێڵتەرێك بۆ سەگەكان دروستبكەن، بەڵام بەكرداری دەستیان بەدروستكردنی شێڵتەرەكە نەكردووە.

ئەوەشی باسكرد، ئێستا لەلایەن ڕێكخراوێكی دیكەوە هەوڵێك بۆ چارەسەر هەیە، كە نێرە و مێیەی سەگەكان لەیەكتر جیادەكەنەوە و دەواتر بەشێكیان نەزۆك دەكەن، بۆ ئەمەش شارەوانی هاوكاریانە و شوێنی بۆ دابینكردوون، بەڵام ئەم هەوڵە لەئاست زۆری سەگەكان كەمە و پێویستی بەڕێگەچارەی دیكە و هەوڵی زیاتر هەیە.

سەبارەت بەهەوڵی دوورخستنەوەیان بۆ دەرەوەی شارە ناوبارو ئەوەی خستەڕوو، گواستنەوەی سەگەكان بۆ دەرەوەی شار یان گواستنەوەیان بۆ تانجەرۆش هەر گونجاو نییە، چونكە لەو شوێنانە خواردنیان دەستناكەوێت و لەبرسان دەمرن، یان كەخواردنی پیس دەخۆن تووشی نەخۆشی دەبن و دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ ناو شار و نەخۆشی دەگوازنەوە بۆ هاوڵاتییان.

پێشتر (خەڵك) ئاشكرایكرد، نزیكی چوار بۆ پێنج هەزار سەگی بێلانە لەناو سەنتەری شاری سلێمانی هەیە، كە دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی و مەترسی پەلاماردانی هاوڵاتییانیان هەیە.

ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی فشاری ئاژەڵدۆستانەوە ماوەی دوو ساڵ زیاتر هیچ ئاژەڵێك لەلایەن ڤێتەرنەرییەوە نەكوژراوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێیەكان هیچ پلانێكیان بۆ ڕێگریكردن لەزۆربوونی سەگی بێلانە نەبووە، تا گەیشتە ئەمڕۆ.