سەردێر

سەگ گرفتی بۆ پاركەكان دروستكردووە

بەشێک لەهاوڵاتییان لەترسی سەگ ناتوانن بچنە پارکەکان

سلێمانی ـ نزار جەزا

سەگی بێلانە كێشەی گەورەی بۆ پاركەكانی سلێمانی دروستكردووە، بەجۆرێك باخەوانەكان ناتوانن خزمەتی پاركەكان بكەن و هاوڵاتییانیش لەترسی پەلاماردان كەمتر دەچنە پاركەكانەوە.

پێشتر (خەڵك) ئاشكرایكرد، نزیكی چوار بۆ پێنج هەزار سەگی بێلانە لەناو سەنتەری شاری سلێمانی هەیە، كە دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی و مەترسی پەلاماردانی هاوڵاتییانیان هەیە.

كامەران حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری باخچەكانی سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەئێستادا ڕێژەیەكی زۆر لەسەگی بێلانە لەناو پاركەكانی سلێمانی بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش كێشەی گەورەی بۆ دروستكردوون.

ئاماژەی بەئەوەشدا، تاكو ئێستا سێ جار نوسراویان بۆ شارەوانی و ڤێتەرنەری و قائیمقامییەت ناردووە، بۆئەوەی چارەسەری ئەم كێشەیەیان بكەن.

باسی لەئەوەشكرد، ئێستا وای لێهاتووە هاوڵاتیان ناتوانن بەئیسراحەت بچنە ناو پاركەكان، تەنانەت پێشتر شەوانە هاوڵاتییان بۆ وەرزش دەهاتنە پاركەكان، ئێستا ئەوەش زۆر كەمبۆتەوەو ناوێرن بێن وەرزش بكەن.

ئەوەشی خستەڕوو، كاتێك ئەو ڕێژە سەگە زۆرە لەناو پاركەكاندا هەبن، باخەوانەكانیش ناوێرن خزمەتی پاركەكان بكەن، لەبەرئەوەی ترسیان هەیە پەلاماربدرێن لەلایەن سەگەكانەوە، هەروەها ترسیان لەوەش هەیە نەخۆشییان بۆ بگوازرێتەوە.

ئەوەشی باسكرد، ئەم كێشەیە تا كات تێپەڕێت گەورەتردەبێت، بۆیە پێویستە خێرا چارەسەربكرێت.

وەك چارەسەری ئەم كێشەیە ئاژەڵدۆستان داوای كردنەوەی شێڵتەرێكی گەورەدەكەن، بۆئەوەی سەگەكانی تێداكۆبكەنەوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری بۆ ئەم بابەتە نەنراوە، كە بەرهەمی هەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی فشاری ئاژەڵدۆستانەوە ماوەی دوو ساڵ زیاتر هیچ ئاژەڵێك لەلایەن ڤێتەرنەرییەوە نەكوژراوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێیەكان هیچ پلانێكیان بۆ ڕێگریكردن لەزۆربوونی سەگی بێلانە نەبووە، تا گەیشتە ئەمڕۆ.