سەردێر

شەپۆلێكی بارانی بەهارە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هەورەتریشقە و با-ی لەگەڵ دەبێت و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “كەشێكی بەهاری ناوچەكە دەگرێتەوە”.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ماوەكانی نێوان 2ی ئازار بۆ 5ی ئازار شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و شێوەی دابارینەكەش بەشێوەی تاو تاو ئەبێت و لە ئەنجامی چالاکبوونی کەڵەکە ھەور لە ناوچەی جیاجیا ھەورە تریشقە و چالاکی بای لەگەڵ ئەبێت.

ڕوونیشی كردەوە، بە زۆریش ئەم حاڵەتە کەشیە کاتی چڕبوونەوە و چالاکبوونی دەکەوێتە نیوەڕۆ بۆ کاتەکانی ئێوارە واتا کاتەکانی دیکە چربوونەوەی تاوی باران کەمتر ئەبێت.

دەشڵێت: “کەشێکی بەھاریانە ئەبێت لەسەرجەم ناوچەکاندا و ھەندێک ناوچەش ئەگەری بارینی تەرزەی ئەبێت، بەڵام کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکانی (گەرمیان ، کەرکوک) لاواز ئەبێت و لە ناوچەکانی دیکە و ناوچە شاخاوییەکان کاریگەری باشتر ئەبێت”.