خەڵك-
لە شاری هەولێر و لەسەر شەقامی 40 مەتری لەسەر دەست شكانەوەی دوو شۆفێر بووە دەمەقاڵێ و تەقە و وتەبێژی پۆلیس-یش دەڵێت: “هەردوو شۆفێرەكە دەستگیر كراون”.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر، ئاگاداركرانەوە بە بوونی ڕووداوێكی شەڕ و تەقەكردن لە شەقامی 40 مەتری نزیك نەخۆشخانەی لەدایكبوون.
ڕاشیگەیاند، لە ڕووداوەكەدا شوفێری دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەكانی (كیا كادێنزا) و (تیۆتا كرۆلا تەكسی) لەسەر شكاندنەوەی ئۆتۆمبێل ببووە دەماقاڵەیان و یەكێك لە شوفێرەكان تەقەی كردبوو.
ئاشكراشی كرد، دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و هەردوو شوفێرەكەیان بە ناوی (ا.ش.م) و (ا.ھ.ع) دەستگیر كرد و دەست بەسەر هەردوو ئۆتۆمبێلەكە و دەمانچەیەكی جۆری (ولتەر)دا گیرا.
وتیشی، “تۆمەتبارەكان ڕادەستی بنكەی پۆلیسی ئاشتی كران بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان”.