سەردێر

عەلی باپیر: لابردنی ناوی ئیسلامی باجدانی بێ جێمان لە كۆڵ خۆمان كردەوە

هەولێر- ئارام سەردار

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەندێك گۆڕانكاریمان لە حزبدا كردووە و زۆربەشی پەیوەندی بە ڕاسپاردنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە هەبووە.

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە كۆنگرەدا ڕێژەی ئافرەتانمان لە 15%ەوە بۆ 20% زیاد كرد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، كە خوشكانێكی زۆرمان هەیە بێنە نێو سەركردایەتی.

سەبارەت بە گۆڕینی ناوەكە، وتی، “گۆڕینی ناوی كۆمەڵ كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئامانجمان نوێبونەوە بووە، ناونیشانێكمان گۆڕیوە، بەڵام نێوەڕۆكمان نەگۆڕیوە و پابەندین بە ئیسلام و سوننەتەوە و هەوڵ دەدەین پابەندیمان بە شەریعەت زیاتربێت.

وتیشی، “ئەو گۆڕانكاریانەی كردومانە مەبەست لێی ئەوەیە، كە دانەبڕێین لە خەڵك، هەلومەرجیش گۆڕاوە و پێویست بوو ناوی خۆمان بگۆڕین”.

ئاشكراشیكرد، ویستمان بەو گۆڕاكاریانەی كردمان ترس و سڵەمینەوەی كەسانێك بڕەوێنینەوە، هەروەها باجدانی بێ جێ لە كۆڵ خۆمان بكەینەوە، لەبەر ئەوە هەنگاوێكی ڕێك و ڕاستمان بۆ داناوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، خەڵك واتێدەگەیشت كە ئیسلامی واتە پەڕگیری، هەندێك حزبی ئیسلامیش هەندێك كاریان كردووە لە شەریعەتی ئیسلامی جێگایان نابێتەوە، ئەو گۆڕانكاریەشی، كە كردوومانە كە ببێتە پردێك بۆ نزیكبوونەوەی ئەندامانی كۆمەڵگە و ئەوانەی، كە دەیانەوێت دادگەری ببێتە بنەما.

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری (خەڵك) عەلی باپیر وتی، “كاری تەواومان كردووە لەسەر هەڵبژاردنەكان و لە ئێستاشدا بەردەوامین و چەندین ڕێگا لەبەردەممان كراوەیە و هەوڵی هاوپەیمانی دەدەین لەگەڵ هەر لایەن و كەسێك، كە هاوتەریب بێت لەگەڵ ئامانجەكانمان”.

ئاشكراشی كرد، چەند جارێك داوامان لە یەكگرتووی ئیسلامی كردووە یەكبگرین، بەڵام ئەوان دۆخەكەیان بۆ نەگونجاوە، بۆیە ئێستاش دەكرێت هێز و تواناكانمان یەكبخەین.

دەربارەی جارێكی دیكە هەڵبژاردنەوەی وتی، “چەند جارێك داوام لە ئەندامانی كۆنگرە كردووە، كە كەسێكی دیكە كاندید بكەن، چونكە خەڵكی بەتوانامان زۆرە و پێم وتن دۆخەكە ئەوەندە خۆش نییە و خۆمتان لەسەر گران ناكەم با كەسێكی دیكە ببێتە سەرۆك، بەڵام ئەوان وایان پێ‌ باش بوو من ببمەوە بە سەرۆك”.