سەردێر

ڕێكخەری گۆڕان “بە توندی هۆشداری بە دەسەڵاتداران” دەدات

خەڵك-
ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت؛ بە توندی لایەنە دەسەڵاتدارەکانیان لە قۆرخکاری بازاڕ و داهاتەکان ئاگادار کردۆتەوە و دەشڵێت: دەرگامان کراوەیە بۆ سەرجەم هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازان”.

عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئامادەبونی جەمال محەمەد، سەرۆکی جڤاتی گشتی بزووتنەوەكە و رسالار عەبدوڵا، ئەندامی جڤاتی گشتی، لەگەڵ هەڵسوڕاوانی کاسبکاری ناو بازاڕی سلێمانی کۆبووەوە.

بەپێی هەواڵی میدیای فەرمی گۆڕان، عومەر سەید عەلی ڕایگەیاندووە، بەردەوامن لەسەر پرەنسیپەکانی گۆڕان و سەبارەت بە چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وتی، “لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە دەسەڵاتدارەکان بە توندی لەبارەی قۆرخکاری بازاڕ و داهاتەکان، ئاگاداریان کردونەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەسەرەتاوە داوایان لە حکومەتی هەرێم کردوە بەپێی دەستوری عێراق مامەڵە بە هەناردەی نەوتی کوردستان بکەن و لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی ڕێکبکەون و ئەگەر لەکاتێکدا نەگەیشتنە ئەنجام، داهاتی نەوتی و نانەوتی و گومرگەکان بە شەفافی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت تاوەکو مووچە لەکاتی خۆیدا بدرێت.

ڕێکخەری گشتی گۆڕان ڕایگەیاندووە؛ دەرگایان کراوەیە بۆ هەموو هەڵسوڕاوە ناڕازییەکان، بۆئەوەی بەوپەڕی ڕاشکاوی دیالۆگێکی لێکتێگەیشتن ساز بکەن لەپێناو سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە و پتەوکردنەوەی بزووتنەوەكە.