سەردێر

دكتۆر غالب لە سلێمانی بریندار كرا

خەڵك-

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە سلێمانی هێرش كراوەتە سەر غالب محەمەد، پەڕلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا و بریندار كراوە.

بەپێی زانیارییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی د. غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی گۆڕان لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی (سلێمانی تازە) لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە بە چەقۆ هێرشكراوەتە سەری و بریندار كراوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هێزەكانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوە دەستی پێكردووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامدەری هێرشەكە نەزانراوە.

لە ئێستادا د. غالب لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی خراوەتە ژێر چاودێری پزیشكییەوە و دۆخی تەندروستی جێگیرە.

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە د. ئومێد محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار و سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.