سەردێر

كێشەی نێوان عیراق و هەرێم لەسەر بودجە چییە؟

خەڵك-
تا ئێستتا ڕێككەوتنی كۆتایی لەنێوان عیراق و هەرێم لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵیی 2021 نەكراوە و پەڕلەەمانتارێكی شیعەش هۆكاری سەرەكی ڕێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان دەگێڕێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، لایەنە شیعەكان داوای ڕادەستكردنی نیوەی داهاتی دەروازەكان و بڕی ٤٣٠ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەلایەن ھەرێمی كوردستانەوە دەكەن، كە بدرێت بە سۆمۆ و ھەر سۆمۆش كاری فرۆشتن و بە بازاڕگرتنی لە ئەستۆ بگریت و پێویستییەكانی ھەرێم لە ناوخۆ و تێچووی كۆمپانیا نەوتییەكان ھەریم بە نەوتی بدریتەوە بە ھەرێمی كوردستان و لەبەرامبەردا پشكی 12.67ی بودجە بدەن بە هەرێم، كە نزیكەی 14 ترلیۆن دینارە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، حكومەتی هەرێم لەڕێگەی شاندی دانوستانكارییەوە تەنها بەو ڕەشنووسە ڕازییە، كە پێشتر حكومەتی عیراقی لەناو پڕۆژە یاسای بودجەدا جێگیری كردووە، كە بریتیە لە 250 هەزار بەرمیل نەوت یان داهاتەكەی بەنرخی سۆمۆ لەگەڵ نیوەی داهاتی نانەوتی هەرێم.

سیهام موسەوی، ئەندامی ليژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، بڕگەی تایبەت بەدانەوەی قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم، ئاستەنگی بۆ ڕێككەوتنی نێوان هەرێم ‌و حكومەتی فیدڕاڵی دروستكردووە.

ڕاشیگەیاند، جەوهەری ناكۆكی نێوان هەردوولا لەسەر ئەو بڕە نەوتەیە، كە دەبێت هەرێم ڕادەستی بەغدای بكات، لەگەڵ ئەو لایەنەی دەبێت قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم لەئەستۆ بگرێت.

ڕوونیشی كردەوە، “هەرێمی كوردستان سوورە لەسەرئەوەی دەبێت لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتننامەیەی پێشوتر لەنێوان هەرێم ‌و بەغدا كراوە ڕێككەوتنی نوێ‌ دابڕێژرێت وەك ئەوەی لە پڕۆژە یاساكەی حكومەتدا هاتووە، بەڵام كوتلە سیاسییە شیعەكان ئەوە ڕەتدەكەنەوە و مەرجی نوێیان بەرامبەر هەرێم هەیە”.