سەردێر

لە سلێمانی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان پۆلیس و ژمارەیەك ڕاوچی ڕوویدا

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاشكرای دەكات، كە هاووڵاتیانی گوندێكی سنووری بازیان 35 كەو-یان ئازادكردووە و دەشڵێت: “دوای ڕووبەڕووبووونەوەیەك توانرا 3 ڕاوچی دەستگیر بكرێن”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە پێناو زیادكردنی ژمارەی باڵندە كێوییەكان لە سروشت و ژینگەی سنورەكەیان بە ئاگاداری بنكەی پۆلیسی دارستانی بازیان هاووڵاتیانی گوندی (هەنجیرە)ی سەر بە شارەدێی بازیان هەستان بە ئازادكردنی ( ٣٥ ) كەو و گەڕاندنەوەیان بۆ سروشت و ژینگەی خۆیان .

ڕاشیگەیاندووە، بەمەبەستی ڕێگریكردن لە ڕاوی باڵندەی كێوی مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی دارستانی بازیان دەستیان كرد بە كێوماڵكردنی سنووری چالاكیەكانیان، دوای ئەوەی چەند ڕاوچییەك بەدیكران، كە سەرقاڵی ڕاوی باڵندەی كێوی بوون و هاوكات ڕوبەڕووی مەفرەزەی پۆلیسی دارستان بوونەوە.

ئاشكراشی كرد، لە ئەنجامدا توانرا (٣) ڕاوچی دەستگیر بكرێن و ڕادەستی یاسا بكرێن .