سەردێر

وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ زانیارییەكمان لەسەر هاتنی هێزی ناتۆ نییە

خەڵك-

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق ماوە.

جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە ئانادۆڵی ڕاگەیاند، پێشوازی لە هەر هێزێكی نێودەوڵەتی دەكەین لەسەر بنەمای ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی كە بیەوێ یارمەتیدەری هێزەكانی عێراقی بێت.

سەبارەت بە ئەركی نوێی ناتۆ لە عێراق كە هەفتەی پێشوو بڕیاریاندا ژمارەی هێزەكانیان لە عێراق بۆ هەشت هێندی ئێستا زیاد بكەن، جەبار یاوەر ڕایگەیاند، وەك وەزارەتی پێشمەرگە ئەو هەواڵەمان تەنیا لە سۆشیال میدیا بینیوە و بیستووە هیچ شتێكی فەرمی نییە كە لە لایەنێكی فەرمی ناتۆ یان دامودەزگایەكی حكومەتی فیدڕاڵەوە لەو بارەیەوە گەیشتبێتە دەستمان لە وەزارەتی پێشمەرگە، ناشزانین میكانیزمی هاتنی ئەو هێزانە بۆ چی و بۆ كوێیە، چونكە تەنیا وەك هەواڵ بڵاوكراوەتەوە و هیچ شتیكی فەرمیمان لەبەردەست نییە تاوەكو بیزانین هۆكارەكانی هاتنی ئەو هێزانە و جێگیربوونی ئەو هێزانە لەكوێ دەبێت هیچ روونكردنەوەیەك نەدراوە لەلایەن خودی ناتۆوە.

وتیشی”نزیكەی مانگێك پێش ئێستا بەهەمانشێوەی ئێستا هەواڵێكی دیكە بڵاوكرایەوە كە تیمێكی هێزی توركیا هاتووە بۆ بەغدا و لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە پێشوازییان لێكرا وەك تیمێكی سەربە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ئەتلەسی ناتۆ”.