سەردێر

لەلایەن 8 كەسەوە، بە دەیان هەزار دۆلار لە سلێمانی دزراوە

خەڵك-

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بە تۆمەتی دزینی دەیان هەزار دۆلار و دەیان ملیۆن دینار لە دوو كاسبكاری ئاڵوگۆڕی دراو، هەشت كەسیان دەستگیركردووە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دوو كاسبكاری ئاڵوگۆڕی دراو لەناو شاری سلێمانی لە دوو كات و شوێنی جیاوازدا دزییان لێكراوە، تاوانەكان بریتی بوون لە دزینی پارە و لە یەكێكیان 60 هەزار دۆلار و لە دووەمدا 47 ملیۆن دیناری عێراقی.

ئاشكراشیكرد، لەسەر ئەو تاوانانەش هەشت كەس لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەتۆمەتی دزینی ئەو بڕە پارەیە لەو كاسبكارانە دەستگیركراون، ناو و تەمەنیان بەم شێوەیە: (م. ا. س) لەدایكبووی 1991، (ع. ع. ع) لەدایكبووی 1986، (ر. م. ل) لەدایكبووی 1997، (ب. ح. ع) لەدایكبووی 1989، (ی. ا. س) لەدایكبووی1979، (ب. ح. ع) لەدایكبووی 1997، (س. ا. ا) لەدایكبووی 1998 و (خ. ح. ع) لەدایكبووی 1986.

ئاسایش ڕوونیشیدەكاتەوە، تاوانەكان لە ڕۆژانی 7ی شوبات بۆ 22ی هەمان مانگی 2021 لەناو شاری سلێمانی ئەنجامدراون، تۆمەتبارەكانیش بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانیان دەستیپێكردووە.