سەردێر

هەرێم داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەكان ڕادەستی بەغدا دەكات

خەڵك-

وتەبێژی سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری هەرێم بۆ بەغدا ڕایدەگەیەنێت، لەئێستادا چاوەڕێن بژاردەی نوێی لایەنەكان لەلیژنەی دارایی بنوسرێتەوەو بەڕەزامەندی هەرێم دەنگی لەسەربدرێت.

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دوواین سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كراوەو تەواوی داتاكانی پەیوەست بەخەرجییەكان و داهاتی نەوت و ژمارەی مووچەخۆران ڕادەستی حكومەتی عێراق كراون، بۆیە لەئێستادا چاوەڕێ دەكەن ڕەشنوسی دووەم لەلایەن لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق ئامادەبكرێت كە ڕەنگدانەوەی خواستی لایەنە سیاسییەكانیشە لە كۆبوونەوەكاندا گفتوگۆیان لەگەڵ كراوە.

وتیشی”تائێستا پێشنیازی دووەم ئامادە نەكراوەو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 ڕەوانەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان كراوە بەبێ ئەوەی پشكی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەكەین لیژنەی دارایی ڕەشنوسی هەردوو بڕگەی 10 و 11ی پڕۆژەی بودجە ئامادە بكات كەتایبەتە بە پشكی هەرێم و دواتریش كۆی پڕۆژەكە لەپەڕلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت”.
ئاشكراشیكرد، لەدوواین سەردانیاندا بۆ بەغدا بۆ لایەنەكانیان ڕوونكردوەتەوە كە ئەوان پابەندی دەستور و ڕێككەوتنەكان دەبن و ئەو لێدوانانەش كەباس لەوە دەكەن پشكی هەرێمی كوردستان لەسەر حسابی پارێزگای بەسرەو شارەكانی دیكەی عێراق ڕەوانەدەكرێن، هیچ بنەمایەكیان نیەو هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە لەبەرامبەردا داهاتی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەكان ڕادەستی بەغدا بكات.