سەردێر

داوای كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی و پەكەكە دەكرێت

خەڵك-

سەرۆكی پارتی ڕێككەوتنی دیموكراتی كوردستانی سوریا ڕایدەگەیەنێت، پێویستە پارتی و پەكەكە و یەكێتی گفتوگۆ بكەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەی شەنگال.

فەوزی شەنگالی سەرۆكی پارتی ڕێككەوتنی دیموكراتی كوردستانی سوریا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئاشكرایە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقی پێكدادان و ململانێی فەرهەنگ و شارستانیەتە و ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەش لە باری سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە بووەتە شوێنێك بۆ خەبات و شەڕ و نفووزی دەسەڵاتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان و خەڵكی كوردیش لەو ناوچە پڕ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دەژین.

وتیشی”مەسەلەی شەنگال بووەتە ململانێیەكی نێودەوڵەتی و ناوچەیی كە ڕەهەندی جیۆپۆلەتیكی و سەربازی و ئابووری لەخۆ دەگرێت و ئەو ململانێیەش لەسەر شەنگال تەنها بۆ ململانێی حزب و لایەنە سیاسییە كوردییەكان كورت نابێتەوە، بەڵكو ململانێی نێوان وڵاتانی هەرێمی و عێراق وەك وڵاتی خاوەن سەروەرییە”.

ئاشكراشیكرد، هێزە كوردییەكان لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لەبارەی داهاتووی ناوچەكە لەگەڵ یەكتر ناكۆكییان هەیە، ئەوەش لەكاتێكدایە شەنگال پاش ئازادبوونی لە دەستی داعش هێشتا دەستدرێژیی دەكرێتەسەر.

ڕوونیشیكردەوە، پێویستە پارتی و پەكەكە و یەكێتی وەك ئەو هێزانەی لە شەنگال خاوەن قورسایی و نفووزن لەگەڵ یەكتر دابنیشن و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو ناوچەیە.

جەختی لەوەش كردەوە، بەبێ گفتوگۆ لایەنەكان ناگەنە ئەنجامی دڵخواز و كێشەكانیشیان قوڵتر دەبێت.