سەردێر

پزیشكێك، لەسەر نەخۆشییەكی پیاوان ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-

پسپۆڕێكی نەخۆشییەكانی گورچیلە و پڕۆستات و میزەڕۆ ڕایدەگەیەنێت، هەندێك پیاو دوای تەواوبوونی كرداری میزكردن هەست بەچەند دڵۆپێك میز دەكەن كە بەبێ ویستی خۆیان دێتە خوارەوە و جلەكانی ژێرەوە یان پانتۆڵەكانیان تەڕدەكات.

د.كاردۆ حسن ژاژڵەیی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی گورچیلە و پڕۆستات و میزەڕۆ لەنووسینێكیدا ڕایگەیاند، ئەم حاڵەتە شتێكی زۆر بێزاركەرە بەتایبەتی بۆ كەسێك كە نوێژ بكات، چونكە جلەكانی تەڕدەكات و كەسەكە هەست بەپیسی دەكات.

وتیشی”هۆكاری ئەوەی چەند دڵۆپە میزێك پاش تەواوبوونی كرداری میزكردن دێتە خوارەوە دوو هۆكاری سەرەكی هەیە، یەكەمیان لاوازی ماسولكەكانی دەوری بۆری میز و میزەڵدانە كە بەهۆكاری جیاواز ڕوودەدات, لەكاتی ئاساییدا ئەم ماسولكانە گرژ دەبن و هەرچی میزێك كە ماوەتەوە لە بۆری میزدا پاڵی پێوەدەنێن بۆ دەرەوە كەوادەكات هیچ میزێك نەمێنێتەوە لەناو بۆری میزدا، بەڵام كاتێك لاوازدەبن ئەوا هەندێك میز لەناو چوك یان بۆری میزدا دەمێنێتەوە و لەكاتی هەستان لە دوای تەواوبوونی میزكردن یان دوای هاتنەدەرەوە لە تەوالیت و تۆزێك ڕۆیشتن ئەوا دڵۆپە میزەكان دێنە خوارەوە و جلەكانی ژێرەوە تەڕدەكات”.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، هۆكارێكی تر بۆ دروستبوونی ئەم حاڵەتە بریتیە لە لاوازبوونی ئەوماسولكانەی كە كۆنتڕۆڵی میزكردن دەكەن كە لەكاتی ئاساییدا ئەو میزەی لە ئاستی پرۆستاتدا ماوەتەو دەیخەنەوە ناو میزەڵدان كە چەند دڵۆپێكە، بەڵام ئەگەر لاواز ببێت ئەوا میزەكە دێتە ناو بۆری میزەوە و لەگەڵ چونە دەرەوە یان هەستان لە میزكردندا دێتەخوارەوە.
ڕوونیشیكردەوە، هەرچەندە هەندێك حاڵەتی تایبەتی هەیە كەدەبنە ئەم هۆكارە، بەڵام زۆربەی پیاوان كەئەم كێشەیەیان هەیە هیچ نیشانەیەكی نەخۆشیان نیە لەكاتی پشكنیندا، سەرەكیترین هۆكار بریتین لە، نەشتەرگەری لابردنی پرۆستات، قەبزی درێژخایەن كەكەسەكە بەردەوام زەغت دەكات لەكاتی پیساییدا، كۆكەی درێژخایەن، زەبری دەرەكی یان نەشتەرگەری لەناوچەی حەوزدا.