سەردێر

ئەجێندای سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق و هەرێم

خەڵك-

سەرۆك كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان پەیامێكی تایبەت بە پێكەوەژیانی ئاشتییانە بۆ پەڕگیرەكان دەنێرێت.

بڕیارە ڕۆژی 5ی مانگی داهاتوو، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان سەردانەكەی بۆ عێراق دەستپێبكات، ئەو ڕۆژە لە بەغدا دەبێت و چەند كۆبوونەوەیەكی دەبێت، دواتر ڕۆژی 6ی ئاداریش سەردانی نەجەف دەكات و لەگەڵ عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەكان كۆدەبێتەوە و دواتر دەچێتە شاری ئوور.

رۆژی 7ی ئاداریش پاپا فرانسیس سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازیی لێدەكرێت، پاشان لەگەڵ هەریەكە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی كۆدەبێتەوە. دواتر سەردانی چەند ناوچەیەكی پارێزگای نەینەوا دەكات، لەوانەش قەرەقووش، هەمان رۆژیش دەگەڕێتەوە هەولێر و لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەشداری لە رێوڕەسمێكدا دەكات.

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند، سەردانەكەی پاپا فرانسیس بەهاكانی پێكەوەژیان و ئاشتی لە سەرانسەری جیهان بەهێزتر دەكات.

وتیشی”كۆبوونەوەكەی نێوان پاپا فرانسیس و ئایەتوڵڵا سیستانی راگەیێندراوێكی زۆر گرنگ و قووڵ دەبێت لەبارەی میانڕەوی لە ئاییندا. تیرۆریستەكان و پەڕگیرەكان ناتوانن ناوی خودا و پێغەمبەر ئیبراهیم بەكاربهێنن”.

ڕوونیشیكردەوە، عێراقییەكان پەرۆشن بۆئەوەی گوێیان لە پاپای ڤاتیكان بێت و چاویان پێی بكەوێت، سەردانەكە پەیامێك دەبێت بۆ ئاشتی، یەكدی قبووڵكردن و ئەو ڕاستیەی كە عێراق لانكەی شارستانییەت و ئایینەكانە.