كۆمسیۆن وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانیەتییەكانی بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی درێژكردەوە.
جومانە غلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد: لەكۆبوونەوەی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كە نوێنەری یۆنامی بەشداری تێدا كردووە، بڕیاردراوە بە درێژكردنەوەی وادەی تۆماركردنی هاوپەیمانییە سیاسییەكان تا یەكی مانگی ئایار و ماوەی وەرگرتنی لیستی كاندیدەكانیشی تا 17ی نیسان درێژكردووەتەوە.
بەوتەی وتەبێژەكەی كۆمسیۆن ئەو وادەیەی دیاریكراوە دوایین وادە دەبێت بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانیەتییە سیاسییەكان و ناوی كاندیدەكان و لەدوای ئەو وادەیە ماوەكە جارێكی تر درێژ ناكرێتەوە.
بڕیارە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عیراق بەڕێوەبچێت و بەوتەی لێپرسراوانی حكومەتیش نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە جیهانییەكان وەك چاودێر بەشداری لە پرۆسەكەدا دەكەن.
خەڵك – بەشی هەواڵ