سەردێر

هاتووچۆی نێوان شارەكانی عیراق ڕادەگیرێت

بۆ بەرگرتنە لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا

خەڵك-
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، چەند ڕێنماییەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی كۆرۆنا لە عیراق و پێشیلكارییەكان و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی لیژنەی باڵا سەبارەت بە قەدەغەكردنی هاتووچۆی هاووڵاتیان، دەردەكات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ئاژانسی فەرمی (العراقیە) لە زاری كازمییەوە بڵاویكردەوە”ژمارەیەك ڕێكار دەگیرێنەبەر بۆ خۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەنێوانیاندا سەرپشككردنی لایەنەكانی چاودیری لە وەزارەتی تەندروستی بۆ وەرگرتنی بڕە پارەی سزای سەرپێچی ڕێكارەكانی خۆپارێزی”.

هەروەها كازمی، فەرمانی كردووە بۆ ڕێگە لە هاتووچۆی نێوان پارێزگەكان بەشێوەیەكی تەواوەتی بگیرێت، پەیمانگە حكومی و ئەهلییەكانیش، بڕیارەكانی لیژنەی باڵا دەیانگرێتەوە”.

دوێنێ‌ حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عیراق ئاماژەی بە مەترسی هاووڵاتیان كرد بەرانبەر هەنگاونان بەرەو قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتی بەدرێژایی هەموو ڕۆژەكانی هەفتە، دوای ئەوەی تەنیا سێ‌ ڕۆژ وەك قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە هەفتەیەكدا لەلایەن لیژنەی باڵای تەندروەستی و سەلامەتی نیشتمانییەوە ڕایگەیەندرا، هەڵوێستی خۆشی بەرانبەر بە گردبوونەوە سیاسییە نوێیەكانیش دیاریی كرد، وێڕای زۆربوونی مەترسییەكانی كۆرۆنا.