سەردێر

تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا ڕوويان لە زیادبوون كرد

خەڵك –
وەزارەتی تەندروستی عیراق ڕایدەگەیەنێت، 4074 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە، 2271 كەسیش چاكبوونەتەوە، 27 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەدەستدا كە ژمارەیەكی زیاتری گیانلەدەستدا بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو دادەنرێت.

بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا 42 هەزار و 601 پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەركەوتووە 4071 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و ئەنجامەكانیان پۆزەتیڤ بوون”، ئەمەش بەراورد بە چەند مانگی ڕابردوو بە ڕێژەیەكی بەرزی تووشبوون دادەنرێت”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ”زۆرینەی تووشبووەكان لە بەغدا و بەسرە نەجەف و كەربەلا بوون، بەجۆرێك كە لە بەغدا 1216 و لە بەسرە 629 و لە نەجەف 586 و لە كەربەلا 266 حاڵەتی تووشبوون تۆماركراون”.

وەك لە بەیاننامەكەی وەزارەتی تەندروستی عیراقیشدا ئاماژەی پیكراوە، “لە سلێمانی 40 هەولێر 109، و دهۆك 50 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون”.

وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاماژەی بە چاكبوونەوەی 2271 تووشبووی كۆرۆنا كردووە، كە زۆربەیان لە بەغدا و كەربەلا و نەجەف و زیقار بوون، ویڕای گیانلەدەستدانی 27 كەس بەهۆی پەتاكە كە شەشیان لە هەرێمی كوردستان بوون.