سەردێر

بەدەستڕێژی گوللەی سوپای پاسداران، دوو برا كوژران

خەڵك-

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانی سوپای پاسداران لە یەكێك لە گوندەكانی پیرانشاری پارێزگای ئورمیە، دوو برایان دایە بەر دەسڕێژی گوللە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دوێنێ چوار شەممە24ی شوبات، هێزەكانی سوپای پاسداران لە ڕێگای گوندی “شیناوا” بەرەو گوندی “زێدان”ی سەر بە شاری پیرانشار، بە بێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكی پێشوەخت دەسڕێژیان لە ئوتۆمبێلێك كرد و دوو برایان كوشت.

ئاشكراشیكرد، تەرمی ئەو دوو برایە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گوازراوەتەوە بۆ پیرانشار و ئیتلاعاتی پیرانشاریش باوك و دایك و چەندین كەسی دیكەی ئەندامی بنەماڵەی ئەو دوو برایەی دەستبەسەر كردووە.

لای خۆشییەوە میدیای ئێرانی بڵاویكردەوە، وەزارەتی ئیتڵاعات ئاشكرایكردووە، لە ئۆپەراسیۆنێكدا توانیوانە هەوڵێكی “تیرۆریستی پووچەڵ بكەنەوە و توانیوشیانە دوو كەس بكوژن.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، بە هاوكاری ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و بڕیارگەی حەمزە سەیدوشوهەدا هەوڵی دوو “تیرۆریست” بۆ ئەنجامی ئۆپەراسیۆن لە شاری پیرانشار پووچەڵ كرایەوە و هەر دووكیان لە پێكدادانێكی چەكداری كوژران.