سەردێر

تەمیزكردنەوەی بڕیاری دەستگیركراوانی بادینان درایە ئەنجومەنی دادوەری

خەڵك-ئارام سەردار

ئەمڕۆ پێنچ شەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢١ تیمی پارێزەرانی كەیسی گیروانی بادینان لائیحەی تەمیزكردنەوەی بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ ٥ دەستگیركراوی بادینان پێشكەش بەئەنجومەنی دادوەری كرد.

هەرێم ڕەفعەت، یەكێك لەتیمی پارێزەرانی كەیسی گیروانی بادینان لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لائیحەی تەمیزكردنەوەی بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ ٥ دەستگیركراوی بادینان پێشكەش بەئەنجومەنی دادوەری كرد.

دەشڵێت”جگە لەپارێزەرانی هەولێر، پارێزەرانی دهۆك و سلێمانی و كەركوك بۆ پشتیوانی لە گیراوانی بادینان لەگەڵمان بوون”.

لای خۆشیەوە بەشدار حوسێن، یەكێكی تر لەتیمی پارێزەرانی كەیسی گیروانی بادینان ڕایگەیاند، پێویست بوو دوای بڕیاری شەش ساڵ زیندانی، ئەو گیراوانە ڕادەستی چاكسازی گەوران بكرابان، بەڵام نازانین بۆچی تائێستا ئەوە نەكراوە.

باسی لەوەشكرد، ئێمە ئومێدمان هەیە بڕیارەكە لەكاتی تەمیزكردنەوەی بگۆڕێت، چونكە كەیسەكانیان هیچ بەڵگەیەكی تێدا نیە لەوەی پێی تۆمەتباركراون، داواش دەكەین لەبەرئەوەی پرسێكی زۆر گەورەیە زۆرترین دادوەر پێداچوونەوە بەبڕیاری دادگای هەولێر بكات.